نەهرۆ رواندزی: عێراق فێڵ لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، وەزارەت و پارێزگاکانی عێراق شکستیان هێناوە لە ئیدارەدان و هاووڵاتییانی عێراق لە 2003ـەوە بێ خزمەتگوزارین، هەروەها گوتیشی: پێویستە بودجە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکرێت و هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم نادادپەروەرییەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە نەمێنێت.

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، "لە پرسی بودجەدا شتێکمان ئاشکرا کرد ئەویش ئەوەیە، بەشی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە لە 15 پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەمترە،  خەرجی راستەقینە بەپێی بودجە 20 ترلیۆن و نزیکەی 500 ملیار دینارە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، لەوەشدا بەشی هەرێمی کوردستان دەبێتە دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینار".

هاوکات راشیگەیاند، بەپێی دەستووری عێراقی ماددەی 14 باس لەوە دەکات، هەموو هاووڵاتییەکی عێراق دەبێت لە ماف یەکسان بن، هەروەها لە ماددەی 112 لە دەستووری عێراقی باس لەوە دەکات، دەبێت داهاتی نەوت و غازی عێراق دابەش بکرێت بەسەر هەموو هاووڵاتییانی عێراق بە گوێرەی رێژەی دانیشتووانی هەموو پارێزگاکان.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد، بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی دانیشتووانی عێراق 40 ملیۆنە، ئەگەر بێت و "ئێمە رێژەی پشکی هەرێم لە بوودجە %12.67 دەربێنین لەو 40 ملیۆنە دەکاتە پێنج ملیۆن و 68 هەزار دینار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەوەی کە دەمینێتەوە 34 ملیۆن و 932 هەزار بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

رواندزی روونیکردەوە، ئەگەر بێت و ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی فیدڕاڵی وەک خەرجی راستەقینە دیاریکردووە کە 20 ترلیۆن و 500 ملیار دینارە دابەشی سەر 34 ملیۆن و 932 هەزار هاووڵاتیی عێراقی بکرێت، هەر هاووڵاتییەک 586 هەزار دیناری بەر دەکەوێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین کراوە کە دوو ترلیۆن و 500 ملیارە دابش بکرێتە سەر پێنج ملیۆن و 68 هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، هەر هاووڵاتییەک 512 هەزار دیناری بەر دەکەوێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "ئەو جیاوازیانەمان لە خەرجی راستەقینە لە بودجە دەستنیشان کردووە و بە راپۆرتیش پێشکەشمان کردووە ئەگەر بێت ئەوە بڕەشمان پێ بدەنەوە پشکی هەرێم لە 12.67% دەبێتە 14.5%" .

نەهرۆ رواندزی، گوتیشی: کەواتە جیاوازی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق لە خەرجی راستەقینەدا 73 هەزار و 704 دیناری عێراقییە.

سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، ئەمە پلانێکە دژ بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە، هەروەها دەبێت لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆماربکرێت و دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەت و پارێزگاکانی عێراق شکستیان هێناوە لە ئیدارەدان و هاووڵاتییانی عێراق لە 2003ـوە بێ خزمەتگوزارین، هەروەها پێویستە بودجە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکرێت و هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم نادادپەروەرییەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە نەمێنێت.