سەرکەوت کاڕەش: وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە پێدانی مۆڵەتی هۆڵەکان دەکات

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، دەڵێت، لە رووداوەکەی حەمدانییە کەمتەرخەمی زۆر هەبووە، گوتیشی: وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە پێدانی مۆڵەتی هۆڵەکان دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، هیچ هۆڵێکی بێ مۆڵەت لە هەولێر نییە.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، "ماددەی ئەلیکۆبۆن یەکێک لەو ماددانەی کە لە بنمیچی سەقفی هۆڵەکە بەکارهاتبوو بە وەرگرتنی ئاگرێکی بچووک گڕ دەگرێت بەخێرایی وەک بەنزین" .
هاوکات راشیگەیاند، ئەوەی روویدا لە شەوی رابردوو لە هۆڵی ئاهەنگگێرانی حەمدانییە، چەندین هۆکاری سەرەکی هەبوو وایکرد کە رێژەی قوربانییان زۆر بێت، بە پلەی یەکەم، کەمتەرخەمی بوو لەلایەن ستافی هۆڵەکە کە بەرپرسیارن لەبەر ئەوەی ئەم هۆڵە چەندین دەرگای دەرچوونی فریاگوزاری هەبووە بەڵام هەمووی داخرابوون، هەندێک هۆکاری دیکەش هەبوونە کاتێک ئاگرەکە کەوتەوە کارەبای شوێنەکە بڕاوە و خەڵکەکە تووشی سەرلیشێواوی بوون.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، دەشڵێت: تا ئێستا 100 کەس زیاتر گیانیان لەدەستداوە و ئەم رێژەیەش بەرزتر دەبێتەوە، چونکە رێژەی بریندارەکانیش زۆرن و بارودۆخی بەشێکیشیان ناجێگیرە.
سەرکەوت کاڕەش، ئاماژەی بەوەدا، "لە پارێزگای هەولێر لە ساڵانی رابردوو رووداوی هاوشێوەمان زۆر بوو، لە سووتانی هۆڵ و کۆگا و شوێنە گشییەکان، بەڵام توندکردنی مەرجەکانی سەلامەتی وایکرد بە ئەندازەیەکی زۆر رێژەی ئاگرکەوتنەوە زۆر دابەزێت، هەروەها لە ساڵانی رابردوو کاتێک ئاهەنگی سەری ساڵ ئەنجامدەدرا هەفتەیەک بەر لە سازدانی ئاهەنگەکە دەبوو سازدەرانی ئاهەنگەکە بێن سەردانی بەرگری شارستانی بکەن بۆ ئەوەی نووسراوێکی پشتگیریان پێ بدرێت، "ئەو کات ئێمە پشکنینمان دەکرد ئەگەر مەرجی سەلامەتی هەبووایە لەو هۆڵە ئەو کات مۆڵەتمان پێ دەدان کە ئاهەنگەکە سازبدەن، هاوکات هەموو هۆتێلەکان کە ئاهەنگیان تێدا دەکرێت بە بەردەوامی پشکنینیان بۆ دەکەین".
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، روونیکردەوە، "جیاوازیەکی دیکەی ئێمە لەگەڵ ئەوان ئەوەیە، دەبێت هەموو ساڵیک خاوەن هۆڵەکان بێن لەلای ئێمە مۆڵەت نوێ بکەنەوە، ئێمە پشکنینی شوێنەکە دەکەین لە رووی ئامێرەکانی ئاگر کوژێنەوە و سیستەمەکانی بەرگری شارستانی، بەڵام لەسەر هەموو ئەو رێکارانەی کە گیراونەتەبەر کەمتەرخەمی ئێجگار زۆر هەیە، بە پلەی یەک داخستنی دەرگای فریاگوازری، کە زیانێکی گیانی زۆری لێدەکەویتەوە لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو".
سەرکەوت کاڕەش، گوتی: لە بەیانییەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە پێدانی مۆڵەتی هەموو هۆڵەکان دەکات کە ئاهەنگی زۆر گەورەی لێ ساز دەکرێت. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، زۆر جار گوێنەدان بە رێنماییەکانی سەلامەتی وادەکات کاتێک رووداوێک روودەدات قەبارەی زیانەکانی زۆر بن.
لەبارەی هۆڵەکانی شاری هەولێر، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، رایگەیاند، هیچ هۆڵێک بەبێ رەزامەندی شارەوانی و بەرگری شارستانی مۆڵەتی پێنادرێت، کە ئەمەش وادەکات بە ئەندازەیەکی زۆر مەرجی سەلامەتی تێدا هەبێت.
سەبارەت بە یارییە ئاگرینییەکانیش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، ئاماژەی بەوەکرد، بە هیچ شیوەیەک یاری ئاگرینی نابێت لە شوێنی داخراو بەکاربهێندرێت، چونکە دەبێتە پەیدابوونی مەترسی، هاوکات ناوبراو داواکارە لە هاووڵاتییان لە بۆنەکانی لەدایکبوونیش لە ماڵەکانی خۆشیان یارییە ئاگرینییەکان بەکار نەهێنن.
درەنگانی شهوی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاههنگگێڕانی هاوسهرگیری له قهزای حهمدانییه، ئاگر كهوتهوه و بههۆیهوه زیاتر له 100 كهس گیانیان لهدهستداوه و بهسهدان كهسیش برینداربوون و لهسهر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانهوهی لێكهوتهوه.
رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، گوتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیهندرێت.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لهمیانهی سهردانی بۆ نهخۆشخانهی ئیمهرجهنسی شاری ههولێر و بهسهركردنهوهی بریندارانی رووداوهكهی حهمدانییه، رایگهیاند، رووداوهكهی حهمدانییه كارهساتێكی گهورهی مرۆیی بوو، هاتووین لێره دهستخۆشی له وهزارهتی تهندروستی حكومهتی ههرێمی كوردستان و پارێزگاری ههولێر بكهم، كه بهڕاستی ههر له سهرهتا و سهعاتی یهكهمی روودانی ئهو كارهساته، ئهوان ئهمبوڵانسیان نارد.