سوودانی گەیشتە مووسڵ

K24 – هەولێر

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە مووسڵ و شوێنی رووداوەکەی حەمدانییە بەسەر دەکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی برینداران و کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە دەکات.

درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران لە قەزای حەمدانییە کەوتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندارن.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و ژمارەیەک لە بریندارانی ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانەوە.

دوێنێ 27/9/2023، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا 47 بریندار لە هەولێر چارەسەر وەردەگرن، 20 برینداریش لە شاری دهۆک چارەسەر دەکرێن و تائێستاش ئەو بریندارانەی برینەکانییان سەختە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکەی حەمدانییە لە ماوەی 72 کاتژمێردا، رادەگەیەنرێت و دەخرێتە بەردەم سەرۆکی حکومەت بۆ لێپرسینەوە لەوانەی کەمتەرخەم بوون".

 روونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان نەبوونی بارودۆخی سەلامەتی و ئەمنی لەم هۆڵەدا پشتڕاست دەکەنەوە، کە نزیکەی 1900 کەسی تێدابووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە 14 تۆمەتبار دەستگیربکەن، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە، هەروەها 3 کەسی دیکە کە تێوەگلاون لە گڕگرتنی یارییە ئاگرینەکان لەکاتی رووداوەکەدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی نزیکەی 200 کەس و بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەکی دیکە.