پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوبەشی زانکۆکانی کوردستان و پۆڵەندا

K24 - هەولێر

لە شاری شچێچین لە وڵاتی پۆڵەندا پێنجەمین کۆنفرانسی هاوبەشی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ژمێریاری، ئابووری، کارگێری و رامیاری بەڕێوەچوو.

سەرەتا هەریەک لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیدریس هادی سەرۆکی دەستەی کارگێری زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک و پڕۆفیسۆر د. ڤالدیمر تارچینسکی سەرۆکی زانکۆی شچێچین و پڕۆفیسۆر د. عەبدوکەریم یاسین نوێنەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر، بەخێرهاتنی میوانەکانیان کرد و تیشکییان خستەسەر گرنگی کۆنفرانسەکە و بوارەکانی  ژمێریاری و ئابووری و کارگێری و رامیاری بۆ هەردوو وڵاتی هاوبەش.

لەلایەن خۆیەوە زیاد رەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا کۆنفرانسەکەی بەرز نرخاند، ئاماژەى بەوەدا، کە دەستپێکی ئەم کۆنفرانسە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئەم رۆژە رۆژێکی مێژوویی لەبیرنەکراوە بۆ گەلی کورد، سەرکەوتنێکی دیارە لە پرۆسەى دیموکراسی لە مێژووی نەتەوەکەمان، کە بەرێگەی ئاشتی و دیموکراتیانە داوای مافی چارەنووسی خۆیان کرد.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا ئاماژەى بەوەدا، کە بەداخەوە دوای ئەنجامدان و سەرکەوتنی ریفراندۆم، حکومەتی ناوەند و وڵاتانی ناوچەکە نەیانتوانی دان بەم پرۆسە دیموکراتیە دابنێن، ئەمەش بووە هۆکاری دووبارە سەرهەڵدانەوەى کێشە لە ناوچە دابڕینراوەکانی دەرەوەى هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا 13 رێککەوتنامە لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی پۆڵەندا واژۆ کراوە. ئەم جۆرە پەیوەندییانەش لەلایەن  کاربەدەستان و ئەکادیمیست و ناوەندە زانستیەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی بەرزنرخێندراوە و پێشوازی زۆری لێکراوە. بونیاتنانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەگەڵ زانکۆکانی پۆڵەندا، بووەتە هۆی ئەوەى کە ساڵانە بەدەیان قوتابی کورد لە قۆناغەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی پۆڵەندا درێژە بە خوێندن بدەن.

هەر لەمیانی کۆنفرانسەکە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەڕێز پرۆفیسۆر د. ڤاڵدیمر تارچینسکی سەرۆکی زانکۆی شچێچین هەروەها بەڕێزان پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیدریس هادی سەرۆکی دەستەی کارگێڕی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک و پرۆفیسۆر د. عبدالکریم یاسین نوێنەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین ئەنجادا سەبارەت بە پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی زانکۆی شچێچین لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان.

ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە بە هاوبەشی  هەریەک لە زانکۆکانی تیشکی نێودەوڵەتی و زانکۆی سەلاحەددین و زانکۆی شچێچینی پۆڵەندی بەڕێوەچوو، یەکەم جاریشە لە لایەن زانکۆی شچێچین لە وڵاتی پۆڵەندا میوانداریکرا،  پێشتر لە ساڵانی 2018 تاوەکو 2022  چوار جار ئەم کۆنفرانسە لە لایەن زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک لە هەولێری پایتەخت میوانداریکراوە.

لە پێنجەمین کۆنفرانسی هاوبەشی نێودەوڵەتی 52 توێژینەوەی زانستی پێشکەش کران لە لایەن توێژەرانی 11 وڵاتەوە، چەندین ئەکادیمیست و توێژەریش لە هەریەک لە زانکۆکانی زانکۆی سەلاحەددین، سۆران و سلێمانیش ئامادەى ئەم کۆنفراسە بوون.

.