چەند پێشنیازێک بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەخرێنەڕوو
.jpg)
K24 - سلێمانی
گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوو پێشنیاز بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەن و دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی مەرکەزی دەبێت.
تەلار لەتیف گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆنگرەی چواردا سەرکەوتوو نەبووە، لەبەر ئەوەی جیاکاری دروست دەکرد، نوێنەری هەموو ناوچەکان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەبێت، بەڵام بەشێوەی مەرکەزی دەبێت نەک بەو شێوەیە، دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیار لەبارەی مەکتەبی سیاسی دەدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، دوو پێشنیاز بۆ ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەیە، یەکێکیان داوا دەکرێت ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی 60 ئەندام بێت و پێشنیازی دووەمیش داوا دەکات 50 ئەندام بێت و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکلا دەکرێتەوە.
پێشتر پێشنیازکرابوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە 50 ئەندام و سەرۆک پێکبێت، بەڵام ئەمڕۆ پێشنیازی دیکە خراونەتەڕوو.
هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، بەو پێیەی سەرۆکی یەکێتی هیچ جێگرێکی نابێت، بۆیە پێشنیازکراوە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی بکرێت بە 60 ئەندام.
راشیگەیاند، لە کۆنگرەی یەکێتی شەش لیژنە هەن، ئەو پێشنیازانەی کە هەن لەنێو لیژنەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و یەکلایی دەکرێتەوە.
دوێنێ 27/9/2023، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرە بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا.
هەرچەندە پێش کۆنگرە لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتی دەنگۆی ئەوە هەبوو لە کۆنگرە کەسێک وەک جێگری سەرۆکی یەکێتی دیاری دەکرێت، بەڵام ئێستا دەگوترێت هیچ پێشنیازێکی لەو شێوە لە ئارادا نییە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 1/6/1975 دامەزراوە، لە سێ کۆنگرەدا مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری حزبە هەڵبژێردراوە، لە دوای کۆچی دوای مام جەلال، لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2019) بەسترا بەشێک لە پەیکەری رێکخستنی حزبەکەی گۆڕا و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە داهێنرا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، رووداوەکانی هەشتی تەمموزی 2021ـی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە، کە ئێستا رەخنە لە شێوەی بەستنی کۆنگرە دەگرن.