عێراق یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ئاڵوگۆڕی زیندانیان لەگەڵ چەند وڵاتێک واژۆ دەکات

K24 - هەولێر

وەزارەتی داد واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی لەگەڵ چەند وڵاتێک لەسەر دۆسیەی هاوکاری دادوەری و گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی زیندانیان ئاشکرا کرد.

کامیل ئەمین، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند: "گواستنەوەی زیندانییەکان بەپێی رێککەوتنە دوو قۆڵییەکان بەردەوامە و سنووردارە و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە تاوانی کاریگەر لەسەر ئاسایشی وڵات سزا دراون".

ئاماژەی بەوەشکرد، "گواستنەوەی زیندانییەکان بەپێی تایبەتمەندییەکان لەگەڵ لایەنی ئێران و بەریتانیا، جگە لە وڵاتانی دیکە ئەنجامدراوە و کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ مەغریبیش بەردەوامە".

گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق روونیشیکردەوە، "یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکان لەچوارچێوەی هاوکاریی دادوەری و یاسایی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانەوەیە، هەروەها وەزارەتی داد سنووردار دەبێت بۆ ئەو بوارانەی پێی سپێردراون، سەرەڕای جیاوازی یاداشتەکان".

دەشڵیت: "رێککەوتن لەگەڵ چەند وڵاتێک هەیە، لەوانە رێککەوتنی تائیف، کە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و کۆماری ئیسلامی ئێران و بەریتانیادا هەیە، جگە لە وڵاتانی دیکە".