بڕێکی دیکەی پارەی مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقییەوە خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/9/2023، 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقییەوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

پێشتر بانکی رەشید و رافیدەین هەر یەکە 250 ملیار دیناریان خستبووە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

لە 25ی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران کرد و لە یەکەم رۆژدا مووچەی وەزارەتی دارایی دابەشکرا،

 دوای سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، لە کۆبوونەوەی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەرسێ بانکی رەشید، تی بی ئای و رافیدەین/ لقی هەولێر، وەک قەرز دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.