سوودانی بڕیاریدا بەتوندترین شێوە ئەو کەسانە سزا بدرێن کە بوونەتە هۆکاری رووداوەکەی حەمدانیە

سوودانی لەکاتی سەردانی کردنی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە
سوودانی لەکاتی سەردانی کردنی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، سەردانی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیەی کرد و  بەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکانی راسپاردووە لە بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکانی مەرجەکانی سەلامەتی لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2023، لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی و کۆچدا، سەردانی ئەو بریندارانەی رووداوەکەی حەمدانیەی کرد کە لە نەخۆشخانەی کۆماری و نەخۆشخانەی حەمدانیە چارەسەری وەردەگرن.

ئەو لەبارەی دۆخی بریندارەکانەوە ئاگادارکرایەوە و گوێی لە بنەماڵەی قوربانییەکان گرت و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆی بۆ ئەوان دەربڕی و رێنمایی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی چارەسەری کرد بەبێ دواکەوتن و گواستنەوەی دەستبەجێی کەیسە مەترسیدارەکان بۆ دەرەوەی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

سوودانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا کە تیایدا رێنماییەکانی خۆی پشتڕاستکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پشکنینی باڵەخانە گشتییەکان و هۆڵەکانی بۆنە و چێشتخانە و هۆتێلەکان و هەروەها بۆ پشکنینی بارودۆخی سەلامەتی گشتی و رێوشوێنەکان بۆ رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و ئەگەری رووداوەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکان بەرپرسیارێتی دڵنیابوون لە پاکی ئەم رێوشوێنانە هەڵدەگرن و فەرمانی سەپاندنی زۆرترین سزای یاسایی کرد، دژی ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری رووداوەکە.

لە 26ـی ئەیلوولدا، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە قەزای حەمدانیە، ئاگرێک کەوتەوە کە بەسەدان کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، کە بەشێک لە بریندارەکان رەوانەی شاری هەولێر کران بۆ چارەسەرکردن. هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرزوو ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی.

لەراگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە، "دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە 14 تۆمەتبار دەستگیربکەن، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە، هەروەها 3 کەسی دیکە کە تێوەگلاون لە گڕگرتنی یارییە ئاگرینەکان لەکاتی رووداوەکەدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150 کەس و بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەکی دیکە.