کارمەندێکی زانکۆی قاهیرە لەسەر هاوسەرگیری نەکردن دەکوژرێت

.
.

K24 - هەولێر

کارمەندێکی کچ لە زانکۆی قاهیرە لەناو حەرەمی زانکۆ بەفیشەک لەلایەن کارمەندێکی دیکەوە کوژرا، دواتر کارمەندەکە خۆشی کوشتووە، هۆکاری رووداوەکەش ئەوەبووە کە کچەکە رەتی کردووەتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوە بکات.

وەزارەتی ناوخۆی میسر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، توانرا شوێنی تۆمەتبار لە پارێزگای مەتروح دیاری بکرێت، هەر کە هێزەکان گەیشتنە شوێنی مەبەست، تۆمەتبار تەقەی لەخۆی کرد و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا" کە بەهەمان چەک هاوکارەکەی کوشتبوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کارمەندێکی یەکێک لە کۆلێژەکانی زانکۆی قاهیرە تەقەی لە کارمەندێکی هەمان کۆلێژ کردووە بە بەکارهێنانی لە شوێنی کارەکەیدا و کوشتوویەتی".

رۆژنامەی حکومی ئەهرام بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە قوربانییەکە تەمەن 32 ساڵە، ئاشنایەتی لەگەڵ بکوژەکەدا هەبووە، کە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا پێشنیازی هاوسەرگیری بۆ کردووە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.

رۆژنامەکە دەشڵێت: "بەپێی لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبارەکە پێنج ساڵ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلی قوربانییەکەی سووتاندووە، بە نامە لە مۆبایلەکەیەوە هەڕەشەی لێکردووە و بەهۆی ئەو حاڵەتانەشەوە زیندانی کراوە".

رووداوەکەی زانکۆی قاهیرە رۆژی چوارشەممەی رابردوو روویداوە،

میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمنییەکان دەریانخستووە، ئەو کچە ماوەیەک پێش ئێستا دەستگیرانی تۆمەتبارەکە بووە، بەڵام بەهۆی کێشەی نێوانیانەوە لێی جیابووەتەوە".

دامەزراوەی ناحکومی ئەدراک بۆ گەشەپێدان و یەکسانی لە میسر ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە و دەڵێت: "دوێنێ و رۆژێک پێشتر دوو کچ لە قاهیرە کوژراون تەنها لەبەر ئەوەی رەتیانکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ بکوژەکانیاندا بکەن".

دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ساڵی رابردوو پێنج  ژن تەنها لەبەر ئەوەی رەتیانکردووەتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ تاوانبارەکاندا بکەن کوژراون.

لە ماوەی ساڵی 2022دا، روانگەی تاوانە توندوتیژەکانی دامەزراوەکە زیاتر لە هەزار رووداوی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکردووە، لەنێویاندا 301 کوشتنی ژنان و کچان لە هەموو تەمەنێکدا.