ئه‌نتۆنی بلینكن له‌ رێگه‌ی مۆسیقاوه‌ بانگه‌شه‌ بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گیتار ده‌ژه‌نێت و گۆرانی ده‌ڵێت
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گیتار ده‌ژه‌نێت و گۆرانی ده‌ڵێت

K24 - هەولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ میانی"ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی دیپلۆماسی" هه‌وڵ ده‌دات له‌ رێگه‌ی هونه‌ری مۆسیقاوه‌ بانگه‌شه‌ بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گیتار ده‌ژه‌نه‌ێ و گۆرانی ده‌ڵێت.

ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گرته‌ڤیدیۆیه‌كی خۆی له‌ تۆڕی "ئێكس" -تویته‌ر-ـی پێشوو بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌رێكی زۆردا گۆرانی ده‌ڵێت و گیتار ده‌ژه‌نێت.

بلینكن له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ناتوانێت ده‌رفه‌تی شه‌و بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌ی مۆسیقا و دیپلۆماسی نه‌قۆزێته‌وه‌، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ یه‌كێك له‌و شتانه‌ی دڵخۆشی ده‌كات، بریتییه‌ له‌ ده‌ستپێشخه‌ری دیپلۆماسی مۆسیقای جیهانی نوێ.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ هۆكارێكه‌ بۆ به‌هێزكردنی رۆڵی مۆسیقا وه‌ك میكانیزمێكی دیپلۆماسی له‌پێناو ئاشتی و دیموكراتی و پشتوانیكردنی ئامانجه‌كانی سیاسه‌تی به‌رفراوانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا.

بلینكن ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌‌ی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی باڵای ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا و ژماره‌یه‌ك له‌ گۆنگرێسمانه‌كانی هه‌ردوو پارتی كۆماری و دیموكراته‌كان و فیگه‌ره‌ دیاره‌كانی مۆسیقای ئه‌مه‌ریكی و پێشه‌نگه‌كانی هونه‌ری و زانسته‌ مرۆییه‌كان و ده‌رچووانی هه‌ردوو به‌شی دیپلۆماسی و مۆسیقا له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، راگه‌یاندووه‌.

ئه‌مه‌ریكا مه‌به‌ستییه‌تی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا شاندێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی به‌ناووبانگی ئه‌مه‌ریكا له‌ پاییزی ئه‌مساڵدا بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ سعوودیه‌ و ئوردن ره‌وانه‌ بكات، هاوكات ئۆكێسترای فولهارۆمۆنی له‌ چین پێشكه‌ش ده‌كات.

جۆزێف نای (Joseph Nye) تیۆریزه‌كار و بیرمه‌ندی ئه‌مه‌ریكی له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ یه‌كه‌م زاراوه‌ی هێزی نه‌رم (Soft power)ـی داهێنا. پاشان له‌ ساڵی 1990 بۆ یه‌كه‌م جار له‌ كتێبی پابه‌ند به‌ سه‌ركردایه‌تی: گۆڕانی سروشتی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا "Bound to Lead: The Changing Nature of American Power" په‌ره‌ی به‌ زاراوه‌كه‌ دا. دواتر له‌ ساڵی 2001 جارێكی دیكه‌ روونكردنه‌وه‌ی زیاتری خسته‌ سه‌ر زاراوه‌كه‌. نای هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 2004 كتێبی "Age: From Realism to Globalization Power in the Global Information" بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا پێی وایه‌ راكێشانی ئه‌وانی دیكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری كه‌سی له‌ میانی ئاراسته‌ و هه‌نگاوه‌كانی و خستنه‌ڕووی ئارگۆمێنته‌ عه‌قڵانی و لۆژیكییه‌كان و دووربینی و بیركراوه‌ییه‌كه‌وه‌.

جۆزێف نای له‌ میانی تیۆره‌كه‌یدا سه‌رنجی بۆ هونه‌ری سینه‌ما و مۆسیقا راكێشاوه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی به‌كارهێنانی هێزی نه‌رم و راكێشانی ئه‌وانی دیكه‌ بۆ سیاسه‌ت و دیپلۆماسیه‌تی ئه‌مه‌ریكا.