بێوار عەبدولعەزیز: هەرگیز نابێت لەناو هۆڵی ئاهەنگ و هۆتێلەکان یاری ئاگرین بەکاربێت

بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک
بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک

K24 – هەولێر:

بەپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک راگەیاند، بەرگری شارستانی دهۆک بڕیاریدا، کە بەهیچ شێوەیەک نابێت لەناو هۆڵی ئاهەنگ و هۆتێلەکان یاری ئاگرین بەکاربێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023) بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەدوای رووداوەکەی حەمدانییەوە، بەرگری شارستانی دهۆک بڕیاریدا، کە بەهیچ شێوەیەک نابێت لەناو هۆڵی ئاهەنگ و هۆتێلەکان یاری ئاگرین بەکاربێت.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر هاتوو هاووڵاتییان ویستیان لە بۆنەکان یاری ئاگرین بەکار بهێنن دەبێت لە دەرەوەی هۆڵی بۆنەکان بەکاری بهێن و بەو مەرجەی لە وایەری کارەبا دوور بێت و هەروەها لە شوێنانەش دووربێت کە غازی شل "LPG" و ئۆتۆمبێلی لێییە.

هاوکات راشیگەیاند، بڕیاردراوە ئەو شوێنانەی کە خەڵکی تێدا کۆدەبێتەوە وەک هۆڵی بۆنە و پرسە و ئاهەنگی بووک گواستنەوە پێویستە سێ دەرگا یان زیاتریان هەبێت و دەرگاکانیش کارەبایی نەبن.

بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، لە شاری دهۆک لە مانگی 1ـی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 1196 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویداوە، هەروەها 68 رووداوی لافاو روویداوە، هەروەها 45 کەسیش لەو رووداوانەدا رزگارکراون.

لە درێژەی قسەکانیدا، بێوار عەبدولعەزیز باسی لەوەشکرد، لە مانگی 1ـی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا سێ کەس بە رووداوی سووتان گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسیش برینداربوونە، هەروەها چوار کەس بە رووداوی خنکان گیانیان لەدەستداوە.

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.