عەلی تەتەر: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان بەهێز بکەین

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 – هەولێر:

پارێزگاری دهۆک، رایدەگەیەنێت، لە سەردانمان بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا و نەرویج بەرپرسانی هەردوو وڵات جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، هاوکات گوتیشی: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان بەهێز بکەین.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، ئەمە بۆ سێییەم ساڵە بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانس لە شاری بۆدێنزی ئەڵمانیا، هەروەها ئێمە سەردانی وڵاتی نەرویجیشمان کرد لەگەڵ پارێزگاری ویلایەتی ڤیکن کۆبووینەوە و تاووتوێ پەیوەندییەکانی نێوان پاریزگای دهۆک و ڤیکنمان کردووە، هاوکات سەردانی پڕۆژەی مەزنی ئاومان کرد لە ویلایەتە، ئەوان ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەوەی ئەزموونی خۆیان لەگەڵ پاریزگای دهۆک هاوبەشی پێبکەن، بۆ رێگریکردن لە روودانی وشکەساڵی لەو پارێزگایە.

راشیگەیاند، لە ئەڵمانیاش وتارێکمان بۆ سەرۆکی دەزگای خێرخوازی ئەڵمانیا پێشکەشکرد، تێیدا گفتوگۆمان لەسەر رەوشی پەنابەر و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەوەی کە هاوکاری ئەڵمانیا بۆ پەنابەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

پارێزگاری دهۆک، دەڵێت: بۆ حکومەتی ئەڵمانیا زۆر گرنگی بە پرسی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان دەدات، بەتایبەت پەنابەرانی ئێزدی و کریستیان، رێککەوتنێک لە پێشتر هەبوو لەنێوان پارێزگای دهۆک و حکومەتی بۆدێنزی ئەڵمانیا، کە لە 18ـی 10ـی ئەمساڵ دووبارە نوێدەکرێتەوە ئەو رێککەوتنە.

ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆمان کرد لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال بۆ ئەوەی پەنابەرە ئێزدییەکان بتوانن بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

عەلی تەتەر، باسی لەوەشکرد، حکومەتی ئەڵمانیا جەختی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال کردەوە.

پارێزگاری دهۆک، گوتی: هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی نەرویج باسمان لەوە کردووە کە سەرمایەدارانی نەرویج بێنە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، لەسەر کۆی پڕۆسەکە گفتوگۆکرا و ئەوان پێشوازیان لە پێشنیازەی ئێمە کرد.

هاوکات گوتیشی: لە درێژەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرۆکی گشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانیا ئەنجامدا و داوامانکرد کە کۆنفرانسێکی هاوبەشی بازرگانی لەنێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانیا و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەین.

لە درێژەی قسەکانیدا، عەلی تەتەر، ئەوەشی خستەڕوو، "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان بەهێز بکەین".

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە سەردانمان بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا و نەرویج بەرپرسانی هەردوو وڵات جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.