سبەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی هەمواردەکرێتەوە کە زۆرترین دەسەڵاتی بە سەرۆکی حزبەکە داوە

K24 – هەولێر:
وابڕیارە سبەی هەینی، لە سێیەم رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیڕەوی ناوخی ئەو حزبە پەسەندبکرێت و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش هەڵبژێردرێن.
رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023) کارەکانی رۆژی دووەمی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات و زۆرترین گفتوگۆ لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە و ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی و پەیکەری حزبی و دەسەڵات و کاری ئۆرگانە حزبییەکانەوە ئەنجامدرا.
لەلایەن خۆیەوە، سەمیر هەورامی، ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەش لیژنە لە ئەندامانی کۆنگرە پێکهاتوون بۆ پێداچوونەوە و ئامادەکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی هەموو کارەکان تەواو دەبێت.
لەلایەن خۆیەوە، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 رایەگەیاند، ئەگەر سبەی هەینی کە کۆتا رۆژی کۆنگرەیە، گفتوگۆکان لەبارەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوەی ناوخۆ و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، بەردەوامییان هەبێت، ئەوا بۆ رۆژی چوارەم درێژدەکرێتەوە.
هاوکات زیاد جەبار، ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی رایگەیاند، دوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن لەبەرئەوەی لەسەر بنەمای پەیڕەوی پەسەندکراو، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەڕێوەدەچێت و لەبارەی گفتوگۆکانی ناوکۆنگرەش، زیاد جەبار لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24ـی لەبارەی بوونی گفتوگۆی توند لەناو کۆگرە لەنێوان ئەندامانی کۆنگرەکە، رایگەیاند، ئەوە شتێکی ئاساییە و ئەندامانی کۆنگرە بۆیان هەیە قسەی خۆیان بکەن و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمی خۆیدا، رەشنووسێکی نوێی ئامادەکردووە، کە وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە و لە 10 بەش و 64 ماددە پێکهاتووە و تێیدا دەسەڵاتی سەرۆک و ئۆرگانەکانی ئەو حزبەی تێدا دیاریکراوە و دەسەڵاتی دانانی سەرۆکی هەموو دەزگا و ئۆرگانەکانی یەکێتیش بە بە سکرتێر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیشەوە، دراوەتە سەرۆکی حزبەکە.
لە دووەم رۆژی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، گفتوگۆکان لەبارەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بەردەوام بوو، بەشێوەیەک بەپێی رەشنووسەکە، زۆرترین دەسەڵات دراوە بە سەرۆکی یەکێتی لە دیاریکردنی مەکتەبی سیاسیی، سەرۆکی دەزگا و ئۆرگانەکانی یەكێتی، دانانی سکرتێر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی.
بەگوێرەی رەشنووسی پەیڕەوەکە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە 61 کەس پێکدێت بە سەرۆکی یەکێتییەوە و بە دەنگدانی راستەوخۆ و نهێنی لەسەر بنەمای لیستی داخراو دەبێت کە لە کۆنگرە دەنگدانی لەسەر دەکرێت و ئەو لیستەی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا دەبێتە براوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و لە ئەگەری بوونی یەک لیستیش بە دەنگدانی ئاشکرا دەنگی پێدەدرێت.
لەکاتی بەتاڵبوونی شوێنی هەر ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکی یەکێتی شوێنەکە پڕبکاتەوە، دوای پەسەندکردنی لە مەکتەبی سیاسی.
هەروەها پێکهێنانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە (12 بۆ 14) ئەندامی سەرکردایەتی لە پەیڕەوەکە دیاریکراوە، کە دەسەڵاتی پێشنیازکردنیان دراوە بە سەرۆکی یەکێتی و جگەلە کەسە یەکەمەکانی یەکێتی لە پەرلەمانی، حکومەت، سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و هەرێم، ئاماژە بەوەکراوە، دەبێت ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی خۆیان بۆ کاری سیاسیی تەرخان بکەن و هیچ پۆستێکی دیکەیان لە دەرەوەی حزب نەبێت.
هەروەکا لەبارەی پەیکەری حزبی یەکێتییەوە، بۆ شەش مەکتەب دابەشکراوە کە بریتین لە مەکتەبەکانی سکرتاریەتی مام جەلال، کاروباری ناوخۆیی یەکێتی، هەڵبژاردن، راگەیاندن و هۆشیاری، رێکخراوەکان و پەیوەندیییەکان کە دەسەڵاتی دانانی سەرۆکی هەموو ئەو مەکتەبانەش بە سەرۆکی یەکێتی دراوە. هاوکات ناوەندی یاسایی یەکێتی و مەڵبەندی دیراساتی گشتیش راستەوخۆ بە سەرۆکی یەکێتییەوە بەستراونەتەوە و دەسەڵاتی مەکتەبیان پێدراوە.
ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیش بەپێی پەیڕەوەکە، لە (9 بۆ 15) ئەندام پێکدێت و لە پاش کۆنگرە لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە، ئەندامان و سکرتێر و جێگرەکانی ئەنجوومەنەکە دیاری دەکات کە نابێت تەمەنیان لە 50 ساڵ کەمتر بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە رەشنووسەکە پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجوومەنی پشتیوانی کراوە کە ژمارەیان لە 100 ئەندام تێپەڕنەکات و لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەندامانی خولی پێشیووی سەرکردایەتی و کادرە دێرین و گەنجەکانی ئەو حزبەوە پێکدێن کە لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە دیاری دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی پەیڕەوەکەش، دەسەڵاتی هەموارکردنەوەی دراوە بە لیژنەیەک کە سەرۆکی یەکێتی دیارییان دەکات و بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسەند دەکرێت بە رێژەی (3/4).
رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا.
بۆ خوێندنەوەی دەقی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێرە کلیک بکە.