پۆلیسی هەولێر روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە

پۆلیسی هەولێر
پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەهۆی مامەڵەی پۆلیسێک لەگەڵ گەنجێک لە رۆژی یادکردنەوەی مەولودی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لەسەر قەڵای هەولێر، لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە دەکەن کە ئەو کارەی ئەنجامداوە.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023)، بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی بۆ راى گشتیى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، " لە کاتێکدا کە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتییانى شارى هەولێرى پایتەخت بە چالاکی و شێوازی جیاواز لەو ڕۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕى لە نێو سەنتەرى شار، لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک گەنج لە سەر قەڵاتى هەولێر بە ئەنجامدانى چەند کردار و رەفتارێکى ناشایستە هاووڵاتییانیان ناڕەحەت و بێزارکردبووە".

پۆلیسی پارێزگای هەولێ ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو بارودۆخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە، پۆلیس رەوانەى شوێنەکە کران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکان بەشێوازێکى ناشایستە پەلامارى یەکێک لە گەنجەکان درا".

لە روونکردنەوەکەدا پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، "لە بەرامبەر ئەو رەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوە و بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، هاووڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەسێک لە سەرووى یاساوە نییە.