بڕیارە سبەی لە پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بە ‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ دەنگی لەسەر بدرێت

مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە
مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە

K24 - هەولێر:

سبەی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر به ‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و خوێندنه‌وه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌یاسا كۆده‌بێته‌وه‌.

بریاره‌ رۆژی شه‌ممه 30ی ئه‌یلوولی 2023‌ كاتژمێر یەکی پاشنیوه‌ڕۆ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بۆ خوێندنه‌وه ‌و ده‌نگدان له‌سه‌ر نۆ پڕۆژه‌یاسا ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

له ‌كارنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراقدا هاتووه‌، خوێندنه‌وه‌ و ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای به ‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بڕگه‌كانی دانیشتنه‌كه‌ كه‌ له‌ 13ی ئاداری 2023 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پڕۆژه‌یاساكه‌ی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كردبوو و له‌ دانیشتنه‌كانی پێشوودا یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌ی بۆ كرا، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكییه‌كانه‌وه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ كارنامه‌ی دانیشتنه‌كانی پێشووی په‌رله‌ماندا لابردران.

ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراقیش، دواى دە ساڵ هات دەرکردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و تەواوکردنی رێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکان.

هەرچەندە لە (13ـى ئادارى 2014)ـەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دەکرد و لە ساڵی 2015ـەوە ئەو دۆسیەیە چووە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەوکات نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، بەڵام ئەو پرۆژەیاسایە مایەوە و ئەمساڵ لەلایەن کابینەی سوودانییەوە، رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا.

رۆژی یەکشەممە (2ـی نیسانی 2023)، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامدا. هەروەها لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە کرد.

پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکهاتووە لە هۆکاری دەرکردنی یاساکەش نووسراوە، "بە هۆى بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شارى هەڵەبجە، هەروەها بەهۆى ئەو قوربانی و زیانە ماددی، مرۆیی و ژینگەییە گەورەى لە هێرشی کیمیایی رژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بۆ سەر شارەکە کەوتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەکە بکرێتە پارێزگا".

لە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا هاتووە، "هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای 19ـیەمینی عێراق و لە سنووری ئیداری هەرێمی کوردستان دەبێت و قەزای هەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە".

پارێزگاى هەڵەبجە دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتی شارى سلێمانییەوە، لە ناحیەکانی سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ پێکهاتووە و لە ساڵی 1889 بووەتە قەزا.

لە 16ـى ئادارى 1988، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، بە چەکی کیمیایى هێرشی کراوەتەسەر و پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی سڤیل بەو هۆیەوە گیانیان سپارد و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و پەککەوتە بوون، کەچی تائێستا لەلایەن حکومەتەکانی عێراقەوە، لە هەموو بوارەکانی مرۆیی، سیاسی، یاسایی، تەندروستی و ئاوەدانیدا، قەرەبووی دانیشتووانەکە و شارەکە نەکراوەتەوە.