نامەیەکی ماستەر لەسەر 'دروستکردنی شیرینی لە کەربەلا' هەرا دەنێتەوە

K24 - هەولێر:

نامەیەکی ماستەر بە ناونیشانی 'دروستکردنی شیرینی و هەویرکاری لە شاری کەربەلا' لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرا دەنێتەوە.

زەهرا فەیسەڵ، خوێندکاری ماستەرە لە بەشی جوگرافیا لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەسرە و ماستەرنامەکەی لەژێرناونیشانی (دروستکردنی شیرینی و هەویرکاری لە پارێزگای کەربەلای پیرۆز) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرایەکی زۆری ناوەتەوە.

لە ماستەرنامەکەی زەهرادا گرنگی هەویرکاری و دروستکردنی شیرینی لە کەربەلا خراوەتەڕوو کە بەپێی مێژوو و دابەشبوونی جوگرافی پارێزگاکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

وەک لە ماڵپەڕی زانکۆی بەسەردا هاتووە، زەهرا لە ماستەرنامەکەیدا تیشکی خستووەتەسەر ئەو کێشە و گرفتانەی لە پیشەسازی دروستکردنی شیرینی و هەویرکاری لە پارێزگاری کەربەلا لەئارادایە، هەروەها گرنگترین چارەسەرەکان خراونەتەڕوو.

بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنە لە ماستەرنامەکەی زەهرا و زانکۆکەی دەگرن و پێیان وایە، ئەو بابەتە شایەنی ئەوە نییە بڕوانەمەی ماستەری لەسەر وەربگیرێت.

لە بەرانبەریشدا بەشێك لە خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، هێرشکردنە سەر ئەو ماستەرنامەیە زیادەڕەوی تیاکراوە و هەندێک لە رەخنەکان نالۆجیکین، ماستەرنامەکە لە چوارچێوەی جوگرافیای ئابووریدایە و پرسێکی واقعی چارەسەر دەکات.