راوێژکارێکی سوودانی بۆ کوردستان24: لەکاتی قەیرانەکان هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوان و هاوکار بووە

K24 - هەولێر:

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری تەندروستی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بریندارانی رووداوەکەی حەمدانییە دەکات و دەڵێت "لەکاتی قەیرانەکان هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوان و هاوکار بووە".

د. ساڵح مونشد، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 دوای بەسەرکردنەوەی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانییە لە هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی باسیان لە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان و ناردنەوە دەرەوەی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانییە کردووە.

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە چارەسەرکردنی بریندارەکانی حەمدانییە لە هەولێر رایگەیاند، ئەوەی پێشکەشی بریندارانی کراوە زۆر باش بووە، هەموو شتێکیان هەیە، گوتیشی: ئێمەش وەکو وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی عێراق هەموو پشتیوانیەک و هاوکارییەکیان دەکەین.

درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران لە قەزای حەمدانییە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 200 کەسی دیکەش برینداربوون، وێڕای ونبوونی ده‌یان كه‌سی دیكه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و ژمارەیەک لە بریندارانی ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانەوە.

رۆژی 27/9/2023، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا 47 بریندار لە هەولێر و 20 برینداریش لە شاری دهۆک چارەسەر دەکرێن.

پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکەی حەمدانییە لە ماوەی 72 کاتژمێردا، رادەگەیەنرێت و دەخرێتە بەردەم سەرۆکی حکومەت بۆ لێپرسینەوە لەوانەی کەمتەرخەم بوون.

روونیشیکردبووه‌وه‌، لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان نەبوونی بارودۆخی سەلامەتی و ئەمنی لەم هۆڵەدا پشتڕاست دەکەنەوە، کە نزیکەی 1900 کەسی تێدابووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەشدا هاتبوو، "دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە 14 تۆمەتبار دەستگیربکەن، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە، هەروەها 3 کەسی دیکە کە تێوەگلاون لە گڕگرتنی یارییە ئاگرینەکان لەکاتی رووداوەکەدا.