وەزارەتی بازرگانی عێراق: 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندی گەیشت

گەیشتنی بڕێکی زۆر لە برنجی تایلەندی بۆ عێراق
گەیشتنی بڕێکی زۆر لە برنجی تایلەندی بۆ عێراق

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بارزگانی عێراق گەیشتنی بڕێکی زۆر لە برنجی تایلەندی و نیسکی کەنەدی راگەیاند، کە لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە وەک بەشێک لە سەبەتەی بەشەخۆراکی مانگانە دابەشدەکرێت.

رۆژی هەینی (29ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، دوو کەشتی بارهەڵگر کە بڕی 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندی و 10 کۆنتێنەر نیسکی کەنەدی هەڵگرتووە، گەیشتووەتە بەندەری ئوم قەسڕ.

لەلایەن خۆیەوە لوما هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتی بازرگانی ماددە خۆراکییەکان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ئەو 10 کۆنتێنەرە نیسکەی گەیشتووەتە بەندەرەکە، لەلایەن تاقیگەکانی کۆنترۆڵی جۆرییەوە، پشکنینی بۆ کراوە بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە شیاوی بۆ خواردن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە نیسکەی گەیشتووە بەپێی پێویستی پارێزگاکان دابەشدەکرێت و لە رێگەی بەشەخۆراکی مانگانەوە دەگەیەندرێتە دەستی هاووڵاتییان.

لەبارەی ئەو برنجەی گەیشتووەتە، لوما هاشم موسەوی ئاشکرایکردووە، بڕی ئەو برنجە تایلەندییەی گەیشتووەتە بەندەری ئوم قەسڕ، کۆی گشتی دەگاتە 42 هەزار تۆن و لە فەردەی 25 کیلۆیی دایە و دوای دەرچوونی لە پشکنینەکانی دڵنیایی جۆریی، ئەوا بەسەر بریکارەکانی خۆراک دابەشدەکرێت.

پێش دوو رۆژیش، وەزارەتی بازرگانی عێراق گەیشتنی پێنج هەزار تۆن نیسکی کەندی راگەیاند، کە بۆ یەکەمجارە لە رێگەی دەریاییەوە، ئەو جۆرە نیسکە هاوردە بکات.

هاوکات وەزارەتی بازرگانی عێراق جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، بەردەوامە لە دابینکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی بەشەخۆراکی مانگانە و بڕێکی زۆر لە کۆگاکانی هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەوام بێت، وەک بەشێک لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی لەسەر ئاستی جیهان، هاووڵاتییانی عێراقیش رووبەڕووی زەحمەتی بوونەتەوە لە دابینکردنی بەشەخۆراکی رۆژانەیان.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی بازرگانی روونیکردووەتەوە، لە سایلۆکانەوە بەردەوامن لە دابینکردنی گەنم بۆ ئاشەکان و بەرهەمهێنانی ئارد، وەک بەشێک لە ئامادەکردن و تەواوکردنی پێکهاتە خۆراکییەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان.