ئەڵمانیا و ئیسرائیل رێککەوتنێکی مێژووییان بۆ کڕینی چەک واژۆکرد

K24 – هەولێر:
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، رێککەوتنێکی مێژوویان بۆ کڕینی ژمارەیەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری ئارۆ3 لەگەڵ ئیسرائیل واژۆکردووە.
ئەڵمانیا و ئیسرائیل گرێبەستێکی مێژوویان بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوور مەودای ئارۆ3 کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکا پەرەی پێدراوە واژۆکرد، هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، قەبارەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەنجامیانداوە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا باسی لەوەشکرد، رێککەوتنەکە بە رەزامەندی ئەمەریکا ئەنجامدراوە، دەبێتە هۆکارێکی باش بۆ بەهێزکردنی سوپای ئەڵمانیا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو مەترسییانەی روویان لە ئەوروپا کردووە لەدوای داگیرکارییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا.
هەروەها ئەڵمانیا دەیەوێت ریزبەندی قەڵغانی مووشەکی خۆی بەهێزتر بکات لە کاتێکدا ترسی شەڕی لەگەڵ رووسیا هەیە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری ئارۆ 3 بۆ تێکشکاندنی مووشەکی بالیستی مووشەکی دوور مەودای دیکە درووستکراون.
ئەم سیستەمی بەرگری ئاسمانییە لەلایەن کۆمپانیای ئیسرائیل "ئایرۆسپەیس ئیندسترەز"ـەوە بەرهەم دەهێندرێن و بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2025 بنێردرێن بۆ وڵاتی ئەڵمانیا.
مۆشی پاتەل، سەرۆکی رێکخراوی بەرگری مووشەکی ئیسرائیل، دەڵێت" سیستەمەک بەرگری لە هەموو ئەڵمانیا دەکات".
لەلایەن خۆیەوە، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتی: "ئێمە پێمان خۆشە ئارۆ3 بخەینە ناو قەڵغانی بەرگری گشتگیری ناتۆوە، بۆ ئەویە دراوسێکانمان سوودی لێ وەربگرن".