بەهۆی بۆردومانی رووسیا بۆسەر رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا پێنج کەس کوژران

سوپای رووسیا له‌ خێرسۆن
سوپای رووسیا له‌ خێرسۆن

K24 – هەولێر:

بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، بەهۆی بۆردومانی رووسیاوە بۆسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لەهەرێمی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا، سێ ژن کوژران، لەهەرێمی دۆنێتسیکیش دوو کەسی دیکە بەهۆی بۆردومانەکانی رووسیاوە کوژران.

بەرپرسانی ئۆکرانیا باسیان لەوەکردووە، رووسیا بەشێوەیەکی بەردەوام بۆردومانی خێرسۆن و دۆنێتسک دەکات و زۆرینەی ئەو ئامانجانەشی هێرشیاندەکاتە سەر، مەدەنین.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، لەبەردەوامی دژە هێرشەکەیان دوو گوندی گرنگیان لەسنووری باخمووت لەژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسیا دەرهێناوە و بەردەوامیش دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان.

رۆژی (18ـی ئەیلوولی 2023)، هانا مالیار، جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لە بەرەی باخمووت هێزەکانیان دوو کیلۆمەتر چوارگۆشەی دیکەیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و  بەجۆرێک، لە هەفتەی رابردووەوە حەوت کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە باشوور و رۆژهەڵاتی وڵاته‌كه‌یان کۆنترۆڵ کردۆتەوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلینکسی سەرۆکی ئۆکرانیاش لەبەرامبەر کۆنترۆڵ کردنەوەی گوندی ئاندریڤکا سوپاسی سەربازانی ئۆکرانیای کرد و دەڵێت، "سوپای ئۆکرانیا بە هەموو توانای خۆیان بەرگری دەکەن و هەنگاو بە هەنگاو خاکی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ دەکەنەوە"

زیاتر لە 500  رۆژە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و رووسیاش بەردەوام بە درۆن و مووشەک خاکی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج، لەگەڵ بەردەوامی جەنگیش وڵاتانی رۆژئاوا بەڵێنی بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکانیان بە ئۆکرانیا داوە.

رووسیا لە (24ـی شوبات/فێبرایەری 2022)، هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کرد و تا ئێستاش شەڕ و پێکدادان بەردەوامە.