وەزیری ناوخۆی عێراق: سبەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەی حەمدانییە ئاشکرا دەکەین
K24 – هەولێر:
عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، لەبارەی رووداوەکەی قەزای حەمدانییە، رایگەیاند، سبەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەی حەمدانییە ئاشکرا دەکەین.
ئەمڕۆ هەینی (29ـی ئەیلوولی 2023)، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، رێکار و بڕیاری گرنگ دەگرینەبەر، هەروەها سبەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەی حەمدانییە ئاشکرا دەکەین.
لە بەرامبەردا، کازم بۆهان، بریکاری تەکنیکی وەزیری ناوخۆ و سەرپەرشتیاری کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، دووپاتکردەوە، "کە لایەنە فەرمی و بابەتییەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە تەواو بووە و خەریکە تەواوی فایلەکە تەواو دەکەین و پێشکەشی وەزیری ناوخۆ دەکەین بە مەبەستی پەسەندکردن، لێکۆڵینەوەکەش لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت".
بۆهان ئاماژەی بەوەدا، "هۆڵی "ئەلهەیسەم" کە شایەتحاڵی رووداوە دڵتەزێنەکە بوو، لە ساڵی 2013 دروستکراوە، خاوەنەکەی ماوەی 10 ساڵە مۆڵەتی پیشەیی نییە، بە نایاسایی لەسەر زەوییەکی کشتوکاڵی ئەم هۆڵەی دروستکردووە، هەروەها یەکەی کارگێڕی شوێنەکە دەبینێت و دەبیستێت، بەڵام کاردانەوەی نەبوو بۆ ئەوەی کارەکانی ئەم پڕۆژەیە بوەستێنێت".
درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر كه‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو "هاتووین لێره ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه به‌ڕاستی هه‌ر له سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد."
لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.