هیومان رایتس وۆچ: سووریا سەلامەت نییە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران

ژمارەیەک پەنابەری سووری - وێنە: هیومان رایتس وۆچ
ژمارەیەک پەنابەری سووری - وێنە: هیومان رایتس وۆچ

K24 – هەولێر:

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ هۆشداری دەدات لە گەڕانەوەی بەزۆری پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو پەنابەرانەی گەڕێندراونەتەوە بۆ سووریا، لەلایەن هەواڵگری ئەو وڵاتەوە ئەشکەنجەرداون و بەشێکی زۆرشیان لەلایەن رژێمی دیمەشقەوە کراون بە چەکدار.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ ئاشکرایکردووە، بەڵگەی لەسەر چۆنیەتی دەستبەسەرکردن، و ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەو پەنابەرانەی کە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ سووریا گەڕاونەتەوە، تۆمارکردووە و لە مانگی تەمموزی ئەمساڵیش ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، بەشێک لە پەنابەرە گەڕاوەکان لەلایەن هەواڵگریی سەربازیی سووریاوە ئەشکەنجەدراون و لە هێزی یەدەگی سەربازیی ئەو وڵاتەشدا چەکدارکراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، کۆنستنتینۆس یۆوانۆ، وەزیری ناوخۆی قوبرس داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا بکات و بڕیار لەسەر ناردنەوەی پەنابەرانی ئەو وڵاتە بدات.

هەروەها قوبرس رێکارەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران خێراتر کردووە و بە کەمکردنەوەی پاڵپشتی دارایی و دروستکردنی کەمپێکی ناوەندی بۆ کۆکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی روویان لە وڵاتە کردووە، لە هەوڵی بەردەوامدایە هاوشێوەی یۆنان رێگری لە کۆچی نایاسایی و کەمکردنەوەی رێژەی پەنابەران بکات.

پێشتریش ڤۆڵکەر تورک، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دابوو لەوەی، کە دۆخی ئاسایشی سووریا خراپە و جێی مەترسییە بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی ئەو وڵات.

هاوکات رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا کە رۆژی (29ـی ئەیلوولی 2023) بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، نەبوونی شەڕ لە هەندێک ناوچەی سووریا مانای ئەوە نییە کە دۆخی ئاسایشی ئەو وڵاتە سەقامگیرە و هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ژیانی پەنابەران نییە ئەگەر دیپۆرت بکرێنەوە.

پێشتریش ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا لە هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی ناوخۆی سووریا، هەشت ناوچەی ئەو وڵاتەی بە شوێنی سەقامگیر بۆ ژیان داناوە کە چیتر مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکەکەی نییە، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی و رەخنەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆخی ئەو وڵاتە دەکەن، پێش ئەوەی بڕیاری گەڕانەوەی پەنابەران بدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی هەڵاوسانی ئابوورییەوە، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە بەرنامەیاندایە، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، پێداچوونەوە بە رێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران بکەن و پشتیوانییە داراییەکانیان کەمبکەنەوە، وەک بەشێک لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان لەسەر بودجەی گشتی وڵاتەکانیان.

26ـی ئەم مانگە، ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی حکومی، ئاشکرایکرد، ئەڵمانیا پلانی هەیە هاوکارییەکانی بۆ شارەوانییەکانی وڵاتەکەی، بۆ نیوە کەمبکاتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پەنابەران لە ساڵی داهاتوو، لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی بودجە بەهۆی هەڵاوسانەوە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، حکومەتی ئەڵمانیا هەموو شارەوانییەکانی وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە پلانی هەیە لە ساڵی 2024ـدا، بڕی 1.7 ملیار یۆرۆ بۆ پەنابەران تەرخان بکات، کە لە ساڵی 2023ـدا، 3.75 ملیار یۆرۆ بوو، بەمەش زیاتر لە نیوەی تێچووەکەی کەمدەکاتەوە.

پێشتریش رۆبێرت هابێک، وەزیری ئابووری ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، زۆرێک لە شارەوانییەکانی ئەڵمانیا چیتر ناتوانن شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو پەنابەرانە دابین بکەن کە دەگەنە ئەو وڵات.

ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراو لە ئەڵمانیا تا کۆتایی ساڵی رابردوو، سێ ملیۆن پەنابەری تێپەڕاندووە. یەک لەسەر سێی ئەوانەش خەڵکی ئۆکراینین و لە دوای ئەویش سووریین. زۆربەی ئەو داواکارییانەی کە لە ماوەی ساڵی 2022دا پێشکەشکرابوون بۆ پەنابەری وەرگیراون، لە بەرامبەردا 255 هەزار کەس ناچاربوون ئەڵمانیا بەجێبهێڵن دوای ئەوەی داواکاری مافی پەنابەرییان رەتکرایەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاش رێکارەکانیان بەرانبەر پەنابەران توندکردووە، لەوانەش ئیتالیا کە رێژەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی نایاسایی رووی تێدەکەن و بەپێی پێشبینی رێکخراوەکانی کۆچ و پەنابەرانیش، چاوەڕێ دەکرێت، بەهۆی دۆخی ئابووری وڵاتانی ئەوروپاوە، ساڵی داهاتوو ساڵێکی زەحمەت بێت بۆ پەنابەران.