نەوزاد پۆلس: کریستیانەکان لە عێراق پارێزراونین

نەوزاد پۆلس، سەرۆکی دەزگای سورایا
نەوزاد پۆلس، سەرۆکی دەزگای سورایا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەزگای سورایا، رایگەیاند، هەروەکو چۆن پشتی کوردستان تەنیا چیاکانە، پشتی کریستیانەکانیش تەنیا کوردستانە. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، کریستیانەکانی عێراق خۆیان بە بەشێک لە کوردستان دەزانن و ناوچە کریستیانەکان لە عێراق پارێزراونین.

نەوزاد پۆلس، سەرۆکی دەزگای سورایا، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، "پێشەکی زۆر سوپاسی کوردستان 24 دەکەم لە یەکەم ساتی رووداوەکە کوردستان24 رووماڵی کردووە، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە میدیای کوردستانی رۆڵێکی باشی هەبوو لە رووماڵکردنی ئەو رووداوە و گەیاندنی دەنگی کریستیانەکان بە هەموو جیهان".

هاوکات راشیگەیاند، "ئەم رووداوەی کە روویدا ناوی دەنێین تاوان، تاوانێک بوو دژی ئافرەتان، منداڵان، کۆمەڵگەی کریستیانی ئەنجامدرا. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەم هۆڵەی کە ئاهەنگەکەی تێدا سازکرا هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبوو، هەروەها هۆڵەکە بە نایاسایی لەسەر زەوییەکی کشتوکاڵی دروستکرابوو کە مۆڵەتی نییە، هاوکات ئەو هێزە میلیشیایانەی کە لەو ناوچەیە باڵادەستن بە دڵی خۆیان حکوم دەکەن".

سەرۆکی دەزگای سورایا، دەڵێت: کریستیانەکان نەیانتوانیووە بە گشتی بگەڕێنەوە بۆ قەزای تەلکێف و قەزای حەمدانییە، بەهۆی ئەوەی میلیشیاکان لەو ناوچانە باڵادەستن و ناوچەکانیش سەلامەت نییە بۆ ئەوان، هەروەها تا ئێستا زۆرینەیان لە کوردستان ماون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی وڵاتن.

نەوزاد پۆلس، باسی لەوەشکرد، تاوەری کارەبا نزیکەی 20 مەتر دووربوو لە هۆڵەکە، هەروەها قەزای حەمدانییە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین نەکراوە، بەهۆی ئەوەی کە حکومەت هیچ گرنگی بەو قەزایە نەداوە و پەراوێزی خستووە.

سەرۆکی دەزگای سورایا، گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی لە یەکەم ساتی رووداوەکەی حەمدانییەوە هاوکاری بریندارانیان کردووە و سەرجەم پێداویستیان بۆ تەرخانکردوون، هەروەها دەزگا میدیاییەکانی کوردستان بە رووماڵی بەردەوامیان دەنگی کریستیانەکانیان بە هەموو جیهان گەیاند، هاوکات زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی  کوردستان و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاربوونە".

گوتیشی: "حکومەتی عێراق و راگەیاندنەکانی عێراق بە هیچ شێوەیەک هاوکارنەبوونە، لە یەکەم ساتی رووداوەکە تا ئێستا هیچ گرنگییەکیان بەو بابەتە نەداوە".

نەوزاد پۆلس، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، "حکومەتی عێراق بە پلەی یەکەم لەو تاوانەی کە ئەنجامدراوە بەرپرسیارە، هەروەها قایمقامییەت، شارەوانی، بەرگری شارستانی ئەو ناوچەیەش بەرپرسن لە روودانی ئەو کارەساتە".

سەرۆکی دەزگای سورایا، لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی راگەیاند، تیمەکانی کوردستان24 لە شار و ناوچەکانی عێراق رۆڵێکی ستراتیژیان هەبووە لە گواستنەوەی زانیارییەکان و رووداوەکان وەک خۆی بەبێ ئەوەی راستییەکان بشێوێنن.

نەوزاد پۆلس، ئەوەشی خستەڕوو، "هەروەکو چۆن دەڵێن تەنیا چیاکان پشتی کوردن، ئێمەش دەڵێین پشتی کریستیانەکان تەنیا کوردستانە".

سەرۆکی دەزگای سورایا، دووپاتیکردەوە، "ئەو قەزایانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەنە لە رووی خزمەتگوزارییەوە زۆر پێشکەوتوون  و گرنگی زۆریان پێ دراوە، بەڵام بەراورد بە کوردستان ئەو قازایانەی سەر بە عێراقن بەڕاستی هیچ خزمەتگوزارییەکیان تێدا نییە و هیچیان بۆ نەکراوە، ئەگەر قەزای عەنکاوە و قەزای حەمدانییە بەراورد بکەین زۆر لە یەکترەوە جیاوازن، قەزای عەنکاوە لە هەموو روویەکەوە زۆر پێشکەوتووترە و زۆر گرنگی پێدراوە".

باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی دەدات بە هاووڵاتییانی خۆی، هەروەها زۆر گرنگی دەدات بە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، "بەهۆی ئەم رووداوەش خەڵکی قەزای حەمدانییە ئەو راستییەیان بۆ روونبووەوە کە تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان گرنگیان پێدەدەن".

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه ‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو "هاتووین لێره‌ ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه‌ به‌ڕاستی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته‌، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد."

لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.