کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە داوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن

K24 – حەمدانییە:
رۆژ بە رۆژ لە قەزای حەمدانییە تەرمی قوربانییەکان لە گۆڕستانی قیامە بەخاک دەسپێردرێن، کەسوکاریان غەمگینن و نازانن بۆ کامە ئازیزیان بگرین، تەنیا داواکارییان ئەوەیە ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە رووداوەکە و کەمتەرخەمبوون سزا بدرێن.
رووداوەکە هێندە گەورەیە ژمارەی قوربانییان رۆژ بە رۆژ بەرزتر دەبێتەوە و تەرمەکانیشیان لە گۆڕستانی قیامە بەخاک دەسپێردرێن، رووداوەکە هەموویان پێکەوە کۆدەکاتەوە، هەر کەسە و قسەیەکی پێیە، بەڵام ئەوەی کۆدەنگن لە گوتنی، لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە.
ئەنوار باسم، کەسوکاری قوربانی رووداوەکەی حەمدانییە تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سەقفی هۆڵەکە نزم بووە و زوو ئاگری گرتووە، دواتر ئاگر بەسەر خەڵکەکەدا کەوتووە، خەڵکەکە لەکاتی دەرچوونیاندا بەسەریەکدا کەوتوون، بەرپرسی گەورە ئیدارەی هۆڵەکە بووە، چونکە ئاگرکوژێنەوەشی لێ نەبووە، هەروەها بەشێک لەو بریندارانەشی کە مردوون بەهۆکاری کەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکان مردوون".
لەلای خۆیەوە، معتەسەم نەعیم، باوکی قوربانی، بۆ کوردستان24، گوتی: "کچم دەستگیرانداربوو بڕیاربوو بگوازرێتەوە، لە کاتی روودانی ئاگرەکە پەیوەندی بە براکەی و دەستگیرانەکەی کردبوو پێی گوتبوون من دەمرم، داوکارین هەرکەس کەمتەرخەمبووە دادگایی بکرێت، کچی من تاوانی چی بوو وای بەسەرهات؟".
تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 35 قوربانی بێسەروشوێنن و بەشێکیش لە تەرمەکان بەهۆی زۆری سووتانیانەوە نەناسراونەتەوە و چاوەڕێی دی ئێن ئەی کەسوکاریانن.
درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر كه‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو "هاتووین لێره ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه به‌ڕاستی هه‌ر له سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد."
لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.