پڕۆژه‌یاسای به ‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ خراوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 30/9/2023، کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەکاتەوە و پڕۆژه‌یاسای به ‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ خراوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، کە پێشتر چەند جارێک رێگری لێکراوە و لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکان لابراوە.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا خوێندنه‌وه ‌و ده‌نگدان له‌سه‌ر نۆ پڕۆژه‌یاسا دەکرێت و گفتوگۆکردن لەسەر رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی قه‌زای حه‌مدانییه‌ش یەکێک دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.

لەبارەی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایەگەیاند، "رۆژی شەممە بۆ هەڵەبجە زۆر هەستیارە و داواکارم لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە جددی وەریگرن و کات بە فیڕۆ نەدەن و دەنگێکیش بە کەم نەزانن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەن و کۆنگرەش درێژکراوەتەوە، هیوادارم کۆبوونەوەی سبەینێ بە گرنگتر بزانن و بگەڕێنەوە بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق".

پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکهاتووە:

مادەی یەکەم:

پارێزگایەک بە ناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان – عێراق، دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە نۆزدە لە کۆماری عێراق، سەنتەرەکەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.

مادەی دووەم:

دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات، لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی پێشنیازیان کردووە، کە سنووری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە پارێزگاکە بەپێی نەخشەی هاوپێچکراوی یاساکە دەبێت.

مادەی سێیەم:

پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن، هەردوو لیژنەکە پێشنیازیان کردووە، "پێویستە وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن".

مادەی چوارەم:

ئەو یاسایە لە رێکەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" جێبەجێ دەکرێت.

لە (2ـی نیسانی 2023)، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامدا، هەروەها لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە کرد.

پارێزگای هەڵەبجە لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و هەرچوار ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، سیروان و بەمۆ پێکهاتووە و بە درێژایی 18 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، دوو دەروازەی سنووریی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەن کە بریتین لە دەروازەی شوشمێ-تەوێڵە و پشتە.

لە (30ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و  ئامادەکارییەکان بۆ هێنانە کایەوەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن.

هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوە بە قەزا و بنەماڵە جافەکان فەرمانڕەوایان کردووە، هەڵەبجە چەندین جار تووشی کارەسات و خاپوورکردن بووەتەوە، لە ساڵی 1963 و 1974 ساڵی 1987، گەورەترین تاوانیش کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق دەرحەق بەو شارە کراوە لە جیهاندا هاوێشوەی کەم بوو، کیمیاباران کردنی شارەکە بوو لە ساڵی 1988 بە چەکی قەدەغە کراو ئەم شارە پێنج هەزار شەهید و زیاتر لە 10 هەزار برینداری لێکەوتەوە، ئەو خەڵکەشی رزگاریان بوو ئاوارە بوون، لە پاش 26 ساڵ لە کیمیاباران کردنی هەڵەبجە لە رۆژی 13ی ئاداری 2014 بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک چوارەم پارێزگای کوردستان ناسێنرا، ئیستا ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە زیاتر لە 130 هەزار کەسە و چوار ناحیە لەخۆ دەگرێت لە پاش نۆ ساڵ لە بڕیاری بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە دواجار حکومەتی عێراق دوو رۆژ بەر لە یادی 35 ساڵەی کیمیاباران کردنی شارەکە وەک 19ـەمین پارێزگای عێراق ناساند.