دەسەڵاتدارانی سوید داوا لە سوپا دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی باندەکان هاوکاری پۆلیس بکەن

پۆلیسی سوید
پۆلیسی سوید

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی سوید، رایگەیاند وڵاتەکەی بە شەپۆلێکی توندوتیژیدا لە سوید و ئەوروپادا تێدەپەڕێت، گوتیشی، حکومەتی سوید لە رێگاکانی هەموارکردنەوەی یاسایەکدا دەکۆڵێتەوە کە لە ئێستادا سوپا لە هاوکاریکردنی پۆلیس قەدەغە دەکات لە هەر بارودۆخێکدا کە بەکارهێنانی هێز پێویست بێت.

ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، حکومەتی سوید لە رێگاکانی هەموارکردنەوەی یاسایەکدا دەکۆڵێتەوە، بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە بتوانن دەستی هاوکاری بۆ ئەفسەرانی پۆلیس لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکاندا درێژ بکەن، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا شەپۆلێکی تاوانکاری وڵاتەکەی گرتەوە و 12 کەس کوژرا، ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی دراوسێی وەک، نەرویج و فینلاند و دانیمارکی لێکەوتەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیس و هێزە چەکدارەکانی سوید، ئولف کریستێرسۆن،ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا بە فەرمی ئەرکی سوپا و پۆلیسیان پێدەسپێردرێت بۆ گەڕان و پێشکەشکردنی هاوکاری زیاتر بە پۆلیس لە بەرەنگاربوونەوەی کاری تاوانکاری، دەشڵێت: تەنها لە مانگی ئەیلوولدا 12 کەس کوژراوە، لە ئێستاشدا بەپیی یاسای سوید قەدەغەیە سوپا هاوکاری پۆلیس بکات، جگە لە حاڵەتەکانی هێرشی تیرۆریستی یان شەڕ.

رووداوەکانی تەقەکردن لە سویددا بووەتە دیاردەی رۆژانە، هەندێکیان لەلایەن هەرزەکارانەوە ئەنجام دەدرێن و زۆربەی توندوتیژییەکانیش دەخەنە ئەستۆی باندەکان.

گوتیشی: حکومەت بیر لە گۆڕینی یاساکە دەکاتەوە بۆئەوەی پۆلیس بتوانێت داوای هاوکاری سەربازی بکات، بەڵام وردەکاریی تایبەتی نەخستەڕوو، راشیگەیاند، شەپۆلی توندوتیژی لە سوید زۆرە، بەڵام لە ئەوروپاش زۆرە.

سەرۆک وەزیرانی سوید جەختیکردەوە، دەیەوێت هێزی سەربازی و پۆلیس هاوکاری یەکتر بکەن لە بواری لۆجستی، ئایتی پزیشکی دادوەری، شارەزایی تەقەمەنی و شیکاری.