رەوەند مەلا مەحموود: لە کۆنگرەی یەکێتی ناکۆکی هەیە

رەوەند مەلا مەحموود ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
رەوەند مەلا مەحموود ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی

K24 – هەولێر

رەوەند مەلا مەحموود، ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێیتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەوڵدەدەن ئەمڕۆ هەموو خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لە کۆنگرەی پێنجەم پەسند بکەن.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24دا، کە ئایا لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکۆکی هەیە؟ رەوەند مەلا مەحموود، گوتی: "بێگومان ناکۆکی هەیە و هەموویان کە لێرەن خەڵکی حزبین و داکۆکی دەکەن و راو بۆچوونی جیاوازیان هەیە".

گوتیشی: "تائێستا کاروبارەکانی کۆنگرە بە باشی بەڕێوەچووە، ئومێدمان هەیە ئەمڕۆ هەموو کارەکان تەواو بکەین".

رەوەند مەلا مەحموود، لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەشی وەک ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە، سەبارەت بە کۆدەنگی لەناو حزبەکەیدا دەڵێ: "دەمێکە کۆدەنگی لەناو یەکێتی هەیە و ئێستا کە لە کۆنگرە درووشمەکەمان کۆندەنگییە لە بڕیار".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەو ئەندامەی کۆنگرەی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، دوای پەسندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی میکانیزمی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەن.

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە 27/9/2023، دەستی بە کارەکانی کرد و بڕیار بوو لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی پێبێت، بەڵام تائێستا بەردەوامە، سیروان تاڵەبانی ئەندامی کۆنگرەی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر کارەکان تەواو نەبن و پێویست بکات سبەش کۆنگرە بەردەوام دەبێت.