کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کەوتە رۆژی پێنجەم

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی

K24 – سلێمانی:

کارەکانی رۆژی چوارەمی کۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات و ئەمڕۆش کۆنگرەکە نەیتوانی تەواوی بڕگە و ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە پەسەندبکات و کارەکانی کۆنگرە بۆ رۆژی پێنجەم هەڵگیرا.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای پەسەندکردنی 45 ماددە لە کۆی 64 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، کارەکانی رۆژی چوارەمی کۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات و سبەی یەکشەممە، ئەندامانی کۆنگرە درێژە بەگفتوگۆکانیان دەدەن.

بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، دوای هاتنەدەرەوەیان لە هۆڵی کۆنگرە، بە رۆژنامەنووسانیان راگەیاند، بەشێکی زۆر لە ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆیان پەسەندکردووە و لە رۆژی پێنجەمی کۆنگرە ماددەکانی دیکەش پەسەند دەکرێت و دواتر پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت.

هاوکات لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، تاوەکو ئێستا ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، لە کاتێکدا لە رەشنووسی پەیڕەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات بەشێوازی لیستی داخراو، ئەمەش رەخنەی زۆری لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرە لێکەوتووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی یەکلایی کراوەتەوە کە بە سەرۆکی یەکێتییەوە لە 61 کەس پێکدێت و لەگەڵ ئەوەشدا پێکهێنانی ئۆرگانێکی دیکەی حزبی پێشنیازکراوە، ئەویش ئەنجوومەنی پشتیوانییە و لە 100 کەس پێکدێت و لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە، سەرۆکایەتی دەکرێت ولە ئەندامانی پێشووی سەرکردایەتی و کادرانی دیکەی ئەو حزبە لەخۆدەگرێت کە سەرۆکی یەکێتی دیارییان دەکات.

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمی خۆیدا، رەشنووسێکی نوێی ئامادەکردووە، کە وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە و لە 10 بەش و 64 ماددە پێکهاتووە و تێیدا دەسەڵاتی سەرۆک و ئۆرگانەکانی ئەو حزبەی تێدا دیاریکراوە و دەسەڵاتی دانانی سەرۆکی هەموو دەزگا و ئۆرگانەکانی یەکێتیش بە بە سکرتێر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیشەوە، دراوەتە سەرۆکی حزبەکە.