یادگار مەحموود: پڕۆسەی دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەمەبەست دوادەخرێت

یادگار مەحموود، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق
یادگار مەحموود، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لایەنە شیعی و سوونییەکانی پەرلەمانی عێراق پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەبەستنەوە بە پرسی بەپارێزگابوونی هەندێك لە قەزاکانی دیکەی عێراق، هاوکات گوتیشی: پڕۆسەی دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بە مەبەست دوادەخرێت.

یادگار مەحموود، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە بۆ جاری سێیەمە بڕگەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا لادەبریت و دوادەخرێت بۆ کاتێکی دیکە. ئاماژەی بەوەدا، هەروەکو جارانی پێشوو لایەنە شیعی و سوونییەکانی پەرلەمانی عێراق پێیان وایە کە هەندێک لە قەزاکانی عێراق دەبێت ببێتە پارێزگا، "ئێمە وەک لایەنە کوردستانییەکان هیچ ناڕەزایەتییەکمان نییە لەسەر ئەو مەرجەی کە ئەوان دایانناوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها راشیگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەمەبەست دوادەخرێت.

یادگار مەحموود، دەڵێت: "ئەم جارە لایەنە سیاسییە کوردییەکان رازیبوون لەسەر دواخستنی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ئێمە پێمان باشبوو دوابخرێت پێش ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە دانیشتنەکەدا دەنگی پێویست نەهێنێت، چونکە ئەگەر پڕۆژەیاساکە دەنگ نەهێنێت ئەوا لەم خولەدا ناتواندرێت بۆ جارێکی دیکە بهێندرێتەوە نێو دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق و دەنگی پێبدرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد، لایەنە شیعی و سوونییەکانی پەرلەمانی عێراق پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەبستنەوە بە پرسی بەپارێزگابوونی هەندێک لە قەزاکانی دیکەی عێراق، "ئێمە وەک لایەنە کوردییەکان لاریمان نییە قەزاکانیان ببێتە پارێزگا، بەڵام داوکارییمان ئەوەیە ئەو پرسەی خۆیان بە پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەبەستەنەوە".

ئەمڕۆ شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بڕگەی دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیراوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، هۆکاری هەڵگرتنی ئەو بڕگەیە دەگەڕێتەوە بۆ رێکنەکەوتنی فراکسیۆنەکان بۆ کۆدەنگی لەسەر دەنگدان لەسەر ئەو بڕگەیە، چونکە بەشێکی فراکسیۆنە شیعی و سوونییەکان بەمەرج ئامادەن دەنگ لەسەر ئەو بڕگەیە بدەن.

لەلایەن خۆیەوە، سۆزان مه‌نسوور ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، بڕگه‌ی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی "به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌ی عێراق كه‌ له‌به‌ر ده‌ستیانه‌، كۆنه‌ و شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی تێدا دیارنییه"، دواخست.