بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق دەستیپێکرد و شیعەکانی دەسەڵات رکابەری یەکتر دەکەن

دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەوڵەتی یاسا
دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەوڵەتی یاسا

K24 – هەولێر:

لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سێ هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن و لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنیش، بە گوتاری رکابەریکردنی توندی یەکتری دەستیان پێکرد، لە کاتێکدا پێشتر رایانگەیاندبوو، دابەشبوونیان بەسەر سێ هاوپەیمانی "تەکتیکی هەڵبژاردنە و بۆ بەفیڕۆنەدانی دەنگەکانیانە".

رۆژی شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023) لە بەغدا، هەریەکە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی و هاوپەیمانی بونیاددەنێین، بە سەرۆکایەتی هادی عامری، دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و هاوپەیمانی سێیەمی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش کە هاوپەیمانی هێزی دەوڵەتیش لە چەند رۆژی داهاتوو، بە فەرمی دەچنە کێبڕکێی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە.

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا: هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی کە لەگەڵ لیستی نەهجی نیشتمانی هاوپەیمانی کردووە کە نوێنەرایەتی پارتی فەزیڵەی عێراقی دەکات، لە بەغداوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و لە یەکەم گوتاریشدا،  مالیکی جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردەوە.

مالیکی لە گوتارەکەیدا، دووپاتکردنەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لەکاتی خۆیدا کردە دەرفەتێک بۆ هێرشکردنە سەر هەموو ئەو لایەنانەی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نین و بەشدارییان نەکردووە، لەوانەش سەدرییەکان و بەشێک لە تشرینییەکان، هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشی لەکاتی خۆیدا بە سەرکەوتن و دەستکەوتی هاوپەیمانییەکەی دانا.

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە لیستی ژمارە 233 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات و لە رێورەسمی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش، سەرجەم بەرپرسانی باڵا و وەزیر و پەرلەمانتارانی ئەو هاوپەیمانییەتە بەشدارییان کرد.

هاوپەیمانی بونیاددەنێین: دەبینە یەکەمی هەڵبژاردن

هاوپەیمانی بونیاددەنێین کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، بە لیستی هاوپەیمانی هێز و لایەنەکانی حەشدی شەعبی ناسراوە و نوێنەرایەتی هەموو گرووپە چەکدارییە شیعییەکانی نزیک لە ئێرانی لەخۆگرتووە.

لیستی ژمارەی 195 هاوپەیمانییەکە، لە رێکخراوی بەدر، گردبوونەی ئیقتیدار بەسەرۆکایەتی عەبدولحوسێن عەبتان، هاوپەیمانی خزمەتگوزاری کە شبل زەیدی و ئەحمەد ئەسەدی لەخۆدەگرێت، گرێبەستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فالح فەییاز، هاوپەیمانی سەفوەی هێزە چەکدارییەکان و بزووتنەوەی ئیرادەی حەنان فەتلاوی و کوتلەی سادقون بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و بزووتنەوەی سەرکەوتووان بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی، بزووتنەوەی مافەکان بە سەرۆکایەتی حوسێن موئنس و بزووتنەوەی راستگۆیی و بەخشین بە سەرۆکایەتی حەیدەر موزهر پێکدێت.

لە رێورەسمی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش هەریەکە لە هادی عامری و قەیس خەزعەلی جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، دەنگی یەکەمی هەڵبژاردن دەبن.

هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت: ئەم هەڵبژاردنە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە

هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت کە لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم و هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی پێکدێت، لە هەمان رۆژی دەستپێکردنی دوو لیستەکەی رکابەریان، لەگەڵ سەرجەم کاندیدەکانیان کۆبوونەوە.

حەکیم و عەبادی بە گوتارێکی نەرمتر لە رکابەرەکانیان گوتاریان پێشکەشکرد و ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم هەڵبژاردنە گرنگە و دەرفەتە بۆ باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاری و دوور لە مشتومڕی سیاسی.

هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت جەخت دەکاتەوە کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پشتڕاستی سیستمی فیدراڵی لە عێراق دەکاتەوە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنێکی بەهێز بۆ پارێزگاکان بە تاکە رێگە دەزانن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی بەهێز کە خزمەت بە هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکات.

چوارچێوەی هەماهەنگی کە کە 11ـی تشرینی یەکەمی 2021 دامەزرا و دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە حوزەیرانی 2022، بوونە خاوەنی 130 کورسی لە پەرلەمانی عێراق و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننەکان، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیان پێکهێنا و محەممەد شیاع سوودانییان کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 2023

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورست و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.