بایدن پێشنیازی درێژکردنەوەی پارەدارکردنی حکومەتی واژۆکرد
K24 - هەولێر
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رەزامەندی دا لەسەر درێژکردنەوەی پارەدارکردنی حکومەت بۆ ماوەی 45 رۆژ.
کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی لەسەر پێشنیازی درێژکردنەوەی پارەدارکردنی دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمەریکا کردووە.
چەند کاتژمێرێک پێش تەواوبوونی وادەی پارەدارکردنی حکومەت، کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر درێژکردنەوەی وادەکە تا 17ی مانگی 11ی ئەمساڵ رێککەوتن، ئەوەش لەپێناو رێگریکردنی لە داخرانی حکومەت.
پێشنیازی درێژکردنەوەی پارەدارکردنی حکومەت ناردنی هاوکاریییەکان بۆ ئۆکرانیا ناگرێتەوە، هەرچەندە پێشتر جۆو بایدن جەختی لەوەکردبووەوە لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری هاوکارییکردنی ئۆکرانیا نابن.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشنیازی درێژکردنەوەی پارەدارکردنی حکومەت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەنگی لەسەردراوە و رەوانەی ئەنجومەنی پیران کرا، پێشنیازەکە لەوێش 88 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر نۆ دەنگی نەخێردا بەدەستهێنا و پەسەندکرا.
پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاساییە هاوکار دەبێت بۆ بەردەوامبوونی حکومەتی ئەمهریکا بۆ ماوەی 45 رۆژی دیکە، بەو مەرجەی هاوکارییەکانی ئەمهریکا بۆ ئۆکرانیا تا ئەو کاتە بوەستێندرێت.
پرۆژە یاساکە دەچێتە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمهریکا، کە زۆرینەی دیموکراتەکانە و دەنگی لەسەر دەدهن.