ئەندامانی کۆنگرەی یەکێتی لەسەر چەند ماددەیەکی پەیڕەوی ناوخۆ ناکۆکن

کۆنگرەی ۆێنجەمی یەکێتی
کۆنگرەی ۆێنجەمی یەکێتی

K24 - هەولێر  

ئەمڕۆ پێنج رۆژە کارەکانی کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیپێکردووە، کە بڕیاربوو لە ماوەی سێ رۆژدا کارەکانی کۆنگرە کۆتایی بێت، بەڵام دوو رۆژ دوای وادەی دیاریکراو هێشتا کارەکانی کۆنگرە تەواو نەبوونە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ناکۆکی لەسەر چەند ماددەیەکی پەیڕەوی ناوخۆ هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی لە کۆی 64 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی 44 ماددە پەسندکراون، زۆرترین ناکۆکیش لەسەر ئەو ماددانەیە کە پەیوەندییان بە میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە هەیە.

لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی چەند مەرجێک دانراون بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندید بکەن، تەلار لەتیف، وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە ئەوە یەکلایی کرایەوە، کە وەزیر، بریکاری وەزیری و پەرلەمانتاران بۆیان نییە خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کاندید بکەن. ئەگەر هەر یەکێک کە ئێستا لەو پۆستانەدان، بیەوێت واز لە پۆستەکەی بهێنێت، ئەوا دەتوانێت ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی.

ئەو کادیرانەی یەکێتی کە پۆستی حکومیان هەیە و دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندید بکەن، مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن ئەو مەرجە لاببرێت.

راشیگەیاند، ئەوەی بۆ سەرکردایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت دەبێت تەمەنی لە 30 ساڵ کەمترنەبێت، سومعەیەکی باشی هەبێت و لە رووی یاساییەوە هیچ پێشینەیەکی سزادانی نەبێت و لە کاری حزبیشدا، دانەبڕاوبووبێت لە یەکێتی.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتی ژمارەی مەکتەبەکانی لە 21 مەکتەب بۆ 8 مەکتەب کەمکردووەتەوە و بەشێک لە مەکتەبەکانیش تێکەڵی یەکتر کراون.

پێشنیازێکی دیکە بۆ وەرگرتنی پۆست لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتی کراوە، کە مەرج نییە ئەوانەی دەبنە لێپرسراوی مەڵبەند و مەکتەبەکان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بن، بەڵکو رێگەی بە کەسانی دیکە بدرێت ئەو پۆستانە وەربگرن.

هەر بەگوێرە زانیارییەکانی پەیامنێرمان، لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی رێژەی ژنان بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەدا 25 دیاریکراوە، لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە سەدا 20 لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و ئەنجومەنی پشتیوانی. رۆژی 27/9/2023، کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی دەسیپێکرد، لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 1/6/1975 دامەزراوە، لە سێ کۆنگرەدا مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری حزبە هەڵبژێردراوە، لە دوای کۆچی دوای مام جەلال، لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2019) بەسترا بەشێک لە پەیکەری رێکخستنی حزبەکەی گۆڕا و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە داهێنرا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، رووداوەکانی هەشتی تەمموزی 2021ـی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە، کە ئێستا رەخنە لەکات و شێوازی بەستنی کۆنگرە دەگرن.