کەشناسی: کەشی ناوچەکە ناسەقامگیر دەبێت

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی کەشێکی ناسەقامگیر چەند رۆژێک لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت، لە هەندێک ناوچەش ئەگەری بارانبارین هەیە.

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "کاریگەرى کەشێکى تاڕادەیەک ناسەقامگیر بۆ ماوەى چەند رۆژێک لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە، پلەى گەرما زیاتر روو لە نزمبوونەوە دەکات و ئاسمانى هەرێم نیمچە هەور و ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات هەورى تەواو دەبێت و ئەگەرى  بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵێکى کەم و لە ناکاو هەیە و ئەگەرى زیادبوونى خێراى باش هەیە لەم لە هەندێک کاتدا".

 سەبارەت بە ئەگەری بارانبارین کەشناسی پێشبینی کردووە، تەنها سبەى پێشبینى بارانبارین هەیە ئەگەر هیچ گۆڕانکاریەک دروست نەبێت، لە راپۆرتى خوارەوە ئاماژەمان پێداوە .

بەشی پێشبینیی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور و کەمێک بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ دەبێت، لە هەندێک کاتدا بە تایبەت لەسەر بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سنوورى پارێزگاى کەرکووک و ئیدارەى گەرمیان  .وە هەندێ کات خێراى با زیاد دەکات، پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بە بەراورد لەگەڵ تۆمارکراوەکانی دوێنێ  .

سەبارەت بە سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی دووشەممە  ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بە گشتى ناوچە شاخاوییەکان ئاستى هەورى زیاتر دەبێت، سنوورى پارێزگاى دهۆک هەندێک کات ئەگەرى نمە بارانى کەمى دەبێت و لەسەر ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و بەشێک لە ئیدارەى راپەڕین پروشکە بارانى دەبێت، ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵێکى کورتخایەن هەیە لەسەر هەندێک ناوچە، ماوەى ئەو کاریگەریە لە کاتەکانى ئێوارە کۆتاىی دێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر:  31 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 30 پلەى سیلیزى

دهۆک : 29  پلەى سیلیزى

کەرکووک: 33 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: 32 پلەى سیلیزى

 زاخۆ: 29 پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران: 22 پلەى سیلیزى

سۆران :  29  پلەى سیلیزى

گەرمیان:  34  پلەى سیلیزى