بەغدا؛ کەسوکاری تشرینییەکان گردبوونەوە و داوای ئازادکردنی کوڕەکانیان دەکەن

K24 - هەولێر:

لایەنگر و کەسوکاری تشرینییە دەستگیرکراوەکان لە یادی چوار ساڵەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019، لە بەغدا گردبوونەوە و داوای ئازادکردنی کوڕەکانیان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەشێك لە کەسوکار و لایەنگرانی تشرینییەکان هاتوونەتە سەر شەقامەکانی بەغدا و یادی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019ـی تشرینییەکان دەکەنەوە.

لایەنگرانی تشرینییەکان داوا دەکەن یاسای لێبوردنی گشتی بۆ ئەو کەسانە دەربچێت کە لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019 دەستگیرکران.

یەکێک لەو خۆیشاندەرانە بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئێمە کەسوکاری ئەو کەسانەین کە لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون، ئەوان هیچ تاوانێکیان نییە، داوا دەکەین بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد بکرێن.

دایکی یەکێک لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان بۆ کوردستان24 گوتی: تەنیا دەمانەوێت منداڵەکانمان لە زیندان بهێننە دەرەوە، ئەوان هیچ تاوانێکیان نییە، کوڕەکەی من چوار ساڵە زیندانی کراوە و سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

لایەنگرانی تشرینییەکان هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ناکەن.

لە تشرینی یەکەمی 2019، لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی حکومەتی عێراق دەستیپێکرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و گۆڕانکاریان دەکرد، بەهۆی فشاری ئەوانیشەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامدرا. چەند ساڵێکیشە لەو یادەدا و لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر، تشرینییەکان خۆپیشاندان دەستپێدەکەنەوە.