شێرزاد رەشید کاکە: خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە گەشەسەندن دایە

شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک
شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە، 1/10/2023، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە لە قوتابخانەکانی کەرکووک و عێراق، گوتیشی: ساڵ بە ساڵ خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە گەشەسەندن دایە.

شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە، 1/10/2023، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە لە قوتابخانەکانی کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دەشڵێت: ساڵ بە ساڵ خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە گەشەسەندن دایە، هەروەها ژمارەی ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ لە پۆلی یەکی سەرەتایی وەرگیراون بەراورد بەپارساڵ زیاترە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە هەشت تا 12 قوتابی لە خوێندنی عەرەبی دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنی کوردی، گوتیشی: ساڵانی رابردوو ئێمە کەموکوڕیمان لە میلاکات و پێداویستییەکان هەبوو، هەروەها ئاستەنگمان لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە بۆ دروست دەکرا و قوتابخانەی عەرەبییان لە گەڕەکە کوردییەکان دەکردەوە، دواتر رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر بووە هۆی ئەوەی تاکی کورد متمانەی بەخوێندنی کوردی نەمێنێت، بەڵام دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی هێزەوە هاتە سەر خەت و نزیکە هەزار و 40 وانەبێژی بۆمان دامەزراند کە مووچەکانییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و بەبڕی شەش ملیار دیناریش کەرەستە و پێداویستی بۆ قوتابخانەکانمان دابین کرد.

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کێشەی مووچەکانیان چارەسەر بکات و لەکاتی خۆی پێیان بدرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کەریم سەید، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە، ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 دەستیپێکردەوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "زیاتر لە 13 ملیۆن قوتابی بەرەو قوتابخانەکانیان رۆیشتوون".