سەرۆکایەتیی ئازەربایجان: لکاندنی کاراباخ بە ئازەربایجانەوە لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە قورس دەبێت

ئاڵای ئازەربایجان
ئاڵای ئازەربایجان

K24 - هەولێر

سەرجەم ئەرمەنەکانی نیشتەجێی کاراباخ هەرێمەکەیان بەرەو سنوورەکانی ئەرمینیا بەجێهێشت و سەرۆکایەتیی ئازەربایجانیش دەڵێت، "پرۆسەی لکاندنی کاراباخ بە ئازەربایجانەوە لەرووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە قورس دەبێت".

رۆژی شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023، حکومەتی ئەرمینیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای هێرشەکانی ئازەربایجان بۆسەر هەرێمی کاراباخ لە 24ی ئەم مانگەوە، زیاتر لە 100 هەزار ئەرمەنی هەرێمەکەیان بەجێهێشتووە و بەرەو پارێزگاکانی دیکەی ئەرمینیا کۆچیانکردووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ئەرمەنییانەی لەکاراباخ کۆچیانکردووە زیاتر لە 21 هەزار ئۆتۆمبێل و بارهەڵگریان لەگەڵ خۆیان هێناوە، حکومەتیش توانیویەتی تا ئێستا 32 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان لەپارێزگاکانی ئەرمینیا بۆ دابین بکات.

هەر لەوبارەیەوە ئاناهیت ئاڤانێسیان، وەزیری تەندروستیی ئەرمینیا ئەوەی خستەڕوو، لەمیانی گواستنەوەی کۆچبەرانی کاراباخ بۆ ئەرمینیا 14 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون و زۆرینەی ئەو نەخۆشانەی لەگەڵ کۆچبەراندا دێن باری تەندروستییان خراپە.

لەدوای ئاگربەستی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، ئەرمینیا سەرجەم دەروازەکانی بەرووی کۆچبەرانی کاراباخدا کردووەتەوە و دەیان بنکەی هاوکاری مرۆیشی لەسەر سنوورەکان دروستکردووە بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان.

لەبەرامبەردا، ماڵپەری سەرۆکایەتیی ئازەربایجان جەختی لەوەکردووەتەوە، لەدوای لکاندنی تەواوەتی کاراباخ بە وڵاتەکەیانەوە، ئەرمەنەکانی ئەو سنوورە سەرجەم مافەکانی هاوڵاتییەکی ئازەربایجانیان دەبێت. ئاماژە بەوەش کراوە، پرۆسەی لکاندنی کاراباخ بە ئازەربایجانەوە لەرووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە قورس دەبێت.

هەرێمی کاراباخ کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئەرمەنین؛ لەدوای هەرەسی سۆڤیەت لەساڵی 1991وە کەوتە ناو سنووری ئازەربایجانەوە، بەڵام لەرووی بەڕێوەبردنەوە سەر بەئەرمینیا بوو، تا کۆتایی مانگی رابردوو ئازەربایجان هەرێمەکەی بەتەواوەتی بە خاکی خۆیەوە لکاند.