وەزارەتی بەرگری تورکیا: بارەگاکانی پەکەکەمان لە مەتینا، گارە، خواکورک و قەندیل بۆردومانکرد

فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا - وێنە: ئاژانسی ئەنادۆڵ
فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا - وێنە: ئاژانسی ئەنادۆڵ

K24 – هەولێر:

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگاکانی پەکەکە بەچڕی لە ناوچە سنوورییەکان بۆردومان دەکەن و وەزارەتی بەرگری تورکیاش رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکدا، 20 بارەگای پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، گارە، خواکورک و قەندیل بۆردمان کردووە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، دوای کاتژمێر (9ـی شەوی 1ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەچڕی زنجیرە چیای بێرمکەیان لە سنووری دۆڵەڕەقە، کوێستانەکانی رەشان، گوندەکانی سماقە، بۆڵێ و ئێنزێیان بۆردومانکردووە و بۆردومانەکەش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو گوندنشینان دروستکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بەکوردستان24ـی راگەیاند، کاتژمێر (9:20)ـی شەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بۆردومانی کوێستانی بێرکمە و گەرووی سنگانیان لە دەڤەری برادۆست کرد، گوتیشی ئەم ناوچانە چۆڵن و بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی لێیە.

هاوکات موسلیح زرار، بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێی سەر بە قەزای رواندز، بە کوردستان24ـی راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گەلی بەدران و نزیک گوندی بۆکریسکانیان لە سنووری شاردێی وەرتێ بۆردومانکردووە، بەڵام زیانی گیانی لەناو گوندنشینان لێنەکەوتووەتەوە و پێدەچێت بارەگاکانی پەکەکەیان کردبێتە ئامانج.

هەروەها شاخەوان حوسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمانیش بە کوردستان24ـی راگەیاند، دۆڵی باڵەیان لە سنووری قەزای چۆمان کەوتە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بەڵام ئەو شوێنانەی بۆردومانکراوان دوورن لە ئاوەدانی خەڵکی ناوچەکە.

هەر ئەمشەو (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە سنووری هەرێمی کوردستان 20 بارەگای پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، خواکورک، قەندیل و گارە بۆردومان کردووە.

وەزارەتی بەرگری جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، لەو ئۆپراسیۆنەدا، فڕۆکەی جەنگی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجگرتنی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانەی بۆردومانکراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، پەکەکە لە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاندووە، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنقەرە.

فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرای کردووە، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجام دراوە و لە داهاتوودا وردەکاری چالاکییەکە و ناوی فەرمی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە بڵاودەکەنەوە.

پێشتریش عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی کاتژمێر 09:30، دوو تیرۆریست کە بە ئۆتۆمبێلێکی بازرگانییەوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێرشێکی ترۆریستییان ئەنجام داوە".

بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، "یەکێک لە تیرۆریستەکان خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی رووداوەکەوە، "دوو ئەفسەری پۆلیس بە سووکی بریندرابوون".

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لـە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی ململانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروستكردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەكو ئێستا 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.

ھەرچی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، 188 گوند بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، كە 104ـیان دەكەونە سنووری قەزای سیدەكان، 65 گوندیان لە قەزای مێرگەسوور و 15 گوندیش لە سنووری چۆمان و 4 گوندیش لە سنووری قەزای رواندز چۆڵكراون.

شەڕی پەکەکە زیانێكی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەكانیش گەیاندووە، لەوانە 25 ھاوینەھەوار لە زاخۆ بوونەتە ناوچەی شەڕ و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، ھەروەھا 10 ناوچەش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پێكدادانەكانەوە.

رۆژی (21ـی ئەیلوولی 2023) ئیحسان چه‌له‌بی، قایمقامی سیده‌كان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە 2017ـەوە تاکوو ئێستا بە هۆکارەکانی بۆردومانی تورکیا و ئێران و پێدا تەقینی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکە بەداخەوە 27 هاووڵاتی ناوچەکە شەهید و بریندار بوونە، ئەوەی مەترسییەکانی زیاتر کردووە دانانەوەی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکەیە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە، بەتایبەت لە ناوچە کوێستانی و لەوەڕگاکان".

لەگەڵ ئەوەشدا، ره‌وشی خراپی ده‌ڤه‌ری برادۆست به‌هۆی په‌كه‌كه‌ و تێكهه‌ڵچوونه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ‌ وێرای زیانی زۆری گیانی و ماڵی و به‌زاندنی سنوور به‌قوڵایی زیاتر له‌ 30 کیلۆمەتر له‌لایه‌ن توركیا،  له‌كۆی 264 گوندی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش تا ئێستا 118ـیان چۆڵن و مه‌ترسی چۆڵبوونیش له‌سه‌ر 20 گوندی دیكه‌ هه‌یه‌.