سۆمۆ: داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئەیلوول زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار بووە

K24 - هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، هەناردە و داهاتی نەوتی خاوی بۆ مانگی ئەیلوول ئاشکرا کرد، کە داهاتی فرۆشتنی نەوت زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکیدا رایگەیاند، بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، لە مانگی ئەیلوولدا، 103 ملیۆن و  143 هەزارو 199 بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە، کە داهاتەکەی گەیشتووەتە نۆ ملیار و 449 ملیۆن دۆلار.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی ئەیلوول، لە ناوەراست و باشوور 102 ملیۆن و 220 هەزار و 441 بەرمیل بووە، هەروەها 449 هەزار و 423 بەرمیل هەناردەی ئوردن کراوە، کە رۆژانە سێ ملیۆن و 438 هەزار بەمیل هەناردە کراوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئاماری هەناردەکردن و داهاتی نەوتی خاوی عێراق بۆ مانگی ئاب، 106 ملیۆن و 122 هەزار و 874 بەرمیل نەوت بووە، داهاتەکەشی هەشت ملیار و 846 ملیۆن دۆلاربووە.