پارتێکی نزیک لە رووسیا هەڵبژاردنەکانی سلۆڤاکیای بردەوە

پارتی سـمێر ئێس دی نزیک لە رووسیا هەڵبژاردنەکانی سلۆڤاکیای بردەوە
پارتی سـمێر ئێس دی نزیک لە رووسیا هەڵبژاردنەکانی سلۆڤاکیای بردەوە

K24 - هەولێر

پارتی سـمێر ئێس دی نزیک لە رووسیا هەڵبژاردنەکانی سلۆڤاکیای بردەوە و نیگەرانییەکانیش بۆ کۆتاییهاتنی هاوکارییە سەربازییەکانی سلۆڤاکیا بۆ ئۆکرانیا زیادبوون. 

دمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ جۆسێف بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە وەڵامی ئەگەری راگرتنی هاوکارییەکانی سلۆڤاکیا بۆ ئۆکرانیا، رایگەیاند، رێز لە بژاردەی خەڵکی سلۆڤاکیا دەگرن، بەڵام تاوەکو حکومەت پێکنەهێنرێت دیار نییە چی روودەدات.

دمیترۆ کولێبا گوتی: "ئێمە رێز لە بژاردە و ویستی گەلی سلۆڤاکیا دەگرین، بەڵام هێشتا زۆر زووە بڵێین هەڵبژاردنەکان کاریگەریان لەسەر هەڵوێستی سلۆڤاکیا لەسەر هاوکارییەکانیان و پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دەبێت."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت چاوەڕێ بکەین، تاوەکو هاوپەیمانی دروستدەکرێت و حکومەت پێکدەهێنرێت، ئەوکات دەردەکەوێت چی روودەدات."

رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکی پارتی سمێر ئێس دی سلۆڤاکی و نزیک لە کۆشکی کرملن ئاشکرایکرد، ئامادە نین چەک بدەنە ئۆکرانیا و لە برۆکسل هەوڵ بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەدەن.

سەرۆکی پارتی سمێر ئێس دی ئەوشی خستەڕوو، "سلۆڤاکیا ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە، ئۆکرانیا و وڵاتانی رۆژئاواش نیگەرانن لەوەی بچێتە بەرەی هەنگاریا و چیدیکە هاوکاری سەربازی رەوانەی کیێڤ نەکات".

رۆبێرت فیکۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رەخنەی لە میدیاکانی رۆژئاوا گرت و گوتی: "میدیاکانی رۆژئاوا باس لەوە دەکەن، ئەوە پلانێکە بۆ کەلێن خستنەناو یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ لە بەرامبەر هاوکاریکردنی ئۆکرانیا و لە بەرژەوەندی پوتن".