سێرگی لاڤرۆڤ: رووسیا هه‌ولێر و به‌غدا به دوو هاوبه‌شی گرنگی خۆی دادەنێت
K24 – رووسیا:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا دەڵێت، "هه‌وڵده‌ده‌ین كۆتایی به ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بهێنین بۆ ئەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان ئاسایی ببنه‌وه"، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، رووسیا هه‌ولێر و به‌غدا به دوو هاوبه‌شی گرنگی خۆی دادەنێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له وه‌ڵامی پرسیارێكی دكتۆر محه‌ممه‌د ئیحسان، ئه‌كادیمی كورد، له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی رووسیا له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له سۆچی لە 20مین دیداری ساڵانه‌ی یانه‌ی گفتوگۆی ڤه‌ڵدای به ئاماده‌بوونی 140 پسپۆڕی نێوده‌وڵه‌تی گوتی: "ئێمه ده‌ست له كاروباری هیچ وڵاتێك وه‌رناده‌ین، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین، كۆتایی به‌و كه‌شه ناله‌باره بهێنین، كه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی جددی له نێوانیان بێنه ئاراوه، تاوه‌كو هه‌ردوولا بگه‌نه رێككه‌وتن".
به‌گوته‌ی خۆشەوی محەممەد، په‌یامنێری كوردستان24 لە رووسیا، لاڤرۆڤ لە دیدارەکەدا دووپاتیكرده‌وه، مۆسكۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه ئاڵۆزی له ناوچه‌كه‌دا دروست ببێت، به‌تایبه‌ت له عێراق، چونكه رووسیا هه‌ریه‌ك له هه‌ولێر و به‌غدا به دوو هاوبه‌شی گرنگی خۆی له بواره جیاوازه‌كاندا دادەنێت.
لەبارەی چاره‌نووسی رۆژئاوای كوردستانیش، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئیداره‌ی كوردی له رۆژئاوای كوردستان چوونه‌ته باوه‌شی ئه‌مه‌ریكا و سامان و داهاتی ناوچه‌كانیان به‌هاوبه‌شی بۆ خۆیان ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددیه بۆ سه‌ر ئاینده‌ی كورد له رۆژئاوای كوردستان".
سێرگی لاڤرۆڤ، باسی لەوەشکرد، "هه‌میشه ئه‌مه‌ریكا پشت له دۆسته‌كانی ده‌كات، بەنموونەش سەرۆکی پێشتووری میسر و سه‌رۆكی پێشووتری تونس و چه‌ندین هاوپه‌یمانی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كه له كۆتاییدا ئه‌مه‌ریكا پشتی تێكردن".
لاڤرۆڤ گوتیشی: "گه‌شبین نیمە به ئاینده‌ی كورد له رۆژئاوای كوردستان، چونكه رۆژێك دێت ئه‌مه‌ریكا پشت له‌وانیش ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رووسیا هه‌وڵده‌دات كورد له ئاگری شه‌ڕ دووربخاته‌وه".
له هاوینەهەواری سۆچی لە رووسیا، 20مین دیداری ساڵانه‌ی یانه‌ی گفتوگۆی ڤه‌ڵدای به ئاماده‌بوونی 140 پسپۆڕی نێوده‌وڵه‌تی کە 42 وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون به‌ڕێوه‌چوو، هاوکات دکتۆر محەممەد ئیحسان، ئەکادیمی کورد، وەک تاکە میوان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌و دیداره‌دا به‌شدار بوو، له پانێڵەکەدا باس له رژێمی نوێی جیهانی دوای شه‌ڕی ئۆكرانیا كرا، هه‌روه‌ها باس له كۆتاییهاتنی تاك جه‌مسه‌ری و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی جیهانیش كرا.