مەتران نەجیب میخائیل: رووداوەکە سەرەتای گۆڕانێکی دیموگرافییە لە حەمدانییە

مەتران نەجیب میخائیل، سەرۆکی ئەبڕەشییەی مووسڵ و ئاکرێی کڵێسای کلدانی
مەتران نەجیب میخائیل، سەرۆکی ئەبڕەشییەی مووسڵ و ئاکرێی کڵێسای کلدانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەبڕەشییەی مووسڵ و ئاکرێی کڵێسای کلدانی، رایدەگەیەنێت، ئەگەر پێداچوونەوە بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی حەمدانییە نەکرێت، ئەوا پەنا دەبەنەبەر دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکات گوتیشی: یارییە ئاگرینەکان بەبێ ئاگاداری بووك و زاوا لە هۆڵەکە دانرابوون، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کە رێگا نادەن بازرگانی بە خوێنی کریستیانەکان بکرێت.

مەتران نەجیب میخائیل، سەرۆکی ئەبڕەشییەی مووسڵ و ئاکرێی کڵێسای کلدانی، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، "ئەوەی لە قەزای حەمدانییە روویدا کارساتێک بووە دژی کریستیانەکانی ئێمە لە عێراق، ئەم رووداوانە گوماناوین و ئەم لێکۆڵێنەوەش کە کراوە ئەنجامەکان بە خێرایی بەدەستمان گەیشتووە کە جێگەی گومانە لای ئێمە، هەروەها خانەوادەی قوربانییەکان و هەموو کریستیانەکان گومانیان لەو لێکۆڵینەوانە هەیە و دەیانەوێت جارێکی دیکە ئەو لێکۆڵینەوەیە بە شێوەیەکی شەفافتر بکرێت".

سەرۆکی ئەبڕەشییەی مووسڵ و ئاکرێی کڵێسای کلدانی، دەشڵێت: "یارییە ئاگرینەکان بەبێ ویستی بووک و زاوا هێنرابوونە هۆڵەکە، هەموو لایەک شایەتحاڵی ئەوەن کە ئەم رووداوە شتێكی نامۆ بووە وەک ئەوەی پارچە ئاگرێک لە ئاسمانەوە بەسەر ئەم هۆڵەدا بەخێرایی کەوتبێتە خوارەوە، بۆیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە و پێویستە لەلایەن خەڵکی بێ لایەن ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەنجامبدرێت، نامانەوێت رووداوی لەم شێوەیە دووبارە ببێتەوە و دەروونی خەڵکی بکرێتە ئامانج بەهۆی ویستی چەند کەسێک و لایەنێکەوە کە خاوەنی هۆڵ و کۆمەڵێک شت بوونە، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە کە چەن لایەنێکی دیکەش هەن بە دڵنیاییەوە بەرپرسیارن لەوەی روویدا، بەڵام ئەوەی ئێمەی شۆککرد ئەوە بوو کە لێکۆڵینەوەکان چەند کەسێکی دەرخست و چەند شتێکی دەرخست، دەبوو لێکۆڵێنەوەی توندتر بکرابا، ویستیان پۆستی قایمیقام و شارەوانی بگۆڕن، بەڵام بە تەنیا ئەو کەسانە نین کە بە ئامانج گیراون بۆ ئەوەی لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە و کەسانی دیکە بخرێنە شوێنی ئەوان، ناکرێت رێگە بدرێت ئەو رووداوە لەلایەن ئەجێندای سیاسی بەکاربهێندرێت لە دەشتی نەینەوا، ئەمە سەرەتای گۆڕانێکی دیموگرافییە لە ناوچەکەی ئێمەدا".

مەتران نەجیب میخائیل، باسی لەوەشکرد، کەسانێک دەبێت لێکۆڵینەوە بکەن رۆڵەی ئەم نیشتمانە بن، "کەسانێکمان ناوێت کە خۆیان فرۆشتبێت لەپێناو بڕێک پارە، دەمانەوێت کریستیانەکانی کە رۆڵەی ئەم ناوچەیەن لەو لێکۆڵینەوەیە بەشداربن، هەروەها رێگە نادەین خەڵکانێک بازرگانی بە خوێنی شەهیدانی ئێمە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە خەڵکانێکمان ناوێت کە ئەجێندای خۆیان فرۆشتبێت بە وڵاتانی دراوسێ".

ناوبراو گوتی: کۆمەڵێک ئەجێندا لەو ناوچانەدا بەسەر کریستیانەکاندا سەپێندراوە، هەروەها "ئێمە بێ دەنگ نابین لەبەرامبەر ئەو رەوتانەی کە دەیانەوێت کریستیانەکان لەو ناوچانە بچەوسێننەوە"، کریستیانەکان ژیانێکی ئاشتییان دەوێت لەو ناوچانە.

گوتیشی: ئێمە نامانەوێت نیشتمانی خۆمان بفرۆشینە وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو دەمانەوێت وڵاتانی دراوسێ هاوکارمان بن لە دۆزینەوەی تاوانباران، هەروەها "هەندێک کەس هەن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەری کریستیانەکانن، بەڵام ئەو کەسانە ئێمە سەرکوت دەکەن و هێرش دەکەنە سەر کڵێساکان".

سەرۆکی ئەبڕەشییەی مووسڵ و ئاکرێی کڵێسای کلدانی، ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 110 شەهیدمان داوە لەو کارەساتە، زیاتر لە 40 کەسیش بێسەروشوێنن، سووتاوەکانیش نیوەیان بارودۆخیان لە مەترسی دایە. روونیکردەوە، هیچ کەسێک تۆمەتبار ناکەن و دەیانەوێت راستییەکان دەربکەوێت بۆ ئەوەی رووداوی لەمجۆرە دووبارە نەبێتەوە و  گیانی خەڵکی نەکرێتە ئامانج لەلایەن چەند کەسێکەوە. مەتران نەجیب میخائیل، ئەوەشی خستەڕوو، "پێویست بوو لەناو حەمدانییە لێکۆڵینەوە بکرێت نەک لە شوێنی دیکە".

ناوبراو، جەختی لەوەشکردەوە، "ئەگەر هاتوو بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا نەچنەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە پەنا دەبەنەبەر دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان".

مەتران نەجیب میخائیل، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لە ماوەی سێ ساڵدا لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان پێشوازیمان لێکرا، هاووڵاتییانی ئەم ناوچانە بەر لەوەی دەرگای ماڵەکانی خۆیان بۆمان بکەنەوە دڵی خۆیان بۆ ئێمە کردەوە و ئازادییەکی زۆریان بە ئێمە دا".

سەرەنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "دەمانەوێت هەموو عێراق وەک هەولێر سەقامگیر بێت، هەروەها خۆزگە هەموو نیشتمانی عەرەب وەکو هەرێمی کوردستان دەبوو".

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ نزیکەی 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه ‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو "هاتووین لێره‌ ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه‌ به‌ڕاستی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته‌، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد."

لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.