بەرپرسێکی ئێران: رەنگە ژاپۆن رۆڵ لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ببینێت

ئاڵای ئێران
ئاڵای ئێران

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی ئێران ئاماژە بەوە دەدات، ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا، دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بە ناوبژیوانیی ژاپۆن دەستپێبکەنەوە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، ئەوان پابەندی گەڕانەوەن بۆ گفتوگۆكانی رێككەوتنی ئەتۆمین، "بەڵام ئەوە ئەمەریكایە جیددی نییە".

زیاتر لە ساڵێک دوای راوەستانی گفتوگۆكانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، "ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئەمجارە بە ناوبژیوانیی ژاپۆن دەستپێبکەنەوە".

شەهریار حەیدەری، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، لە چوارچێوەی کۆبوونەوە لە وڵاتێکی سێیەمدا بەڕێوەدەچێت و ئەمجارەیان ڕەنگە ژاپۆن، ناوبژیوان و خانەخوێی دانوستانەکان بێت.

هاوکات لەگەڵ لێدوانی شەهریار حەیدەری، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەوان پابەندی گەڕانەوەن بۆ گفتوگۆكانی رێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵام ئەوە ئەمەریكایە جیددی نییە".

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: "كۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار دووبارەی كردووەتەوە كە ئەگەرچی ھەندێك تێبینیمان لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پابەندی رێككەوتنەكەین. بەپێچەوانەی لایەنی بەرامبەرمان پابەندی خۆشمان نیشان داوە. پێشوازیشمان لە دەستپێشخەرییەكانی وڵاتانی دۆستمان كردووە".

ناسر کەنعانی دەشڵێت، "ھەموو لایەك دەزانێت ئەوەی بەسەر رێككەوتنی ئەتۆمیدا ھات، ھۆكارەكەی ئەمەریكا بوو. ئەوان بوون بەشێوەی یەك لایەنە لەرێككەوتنەكە ھاتنەدەر. ئەوەی ئێستاش ھەر ھۆكارەكەی ئەمەریكایە كە لەگەڕانەوە بۆ گفتوگۆكان جیدی نییە. لەگەڵ ئەوەش ئێمە پابەندی گەڕانەوەین بۆ رێككەوتنەكە، بەڵام چاوەڕوانی رێككەوتنەكە نابین و ھەوڵی بێ كاریگەركردنی گەمارۆكان دەدەین".

هەفتەی ڕابردووش، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، ژاپۆن دەستپێشخەرییەکی بۆ گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ ناو ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ئامادە کردووە کە لە لایەن ئێرانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.

تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بەرانبەر بەم لێدوانانە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە؛ بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیش، وڵاتەکەی ئامادە نییە دانوستانی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا هەبێت و دانوستانی ئەمجارەش هەر وەک دانوستانەکانی پێشوو، دەبێ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بێت.