گەڕی دووەمی کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت

لۆگۆی بزووتنەوەی ئیسلامی
لۆگۆی بزووتنەوەی ئیسلامی

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی دووەمی کۆنگرەی ئیسلامی کوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەم بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی نەتوانرا کۆنگرەکە ببەستن.

عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ گەڕی دووەمی کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستپێدەکات، پاش ئەوەی کە بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی لە 30ی ئەیلوول بەستنی کۆنگرە دواخرا، ئێمە داواکاریمان پێشکەش بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، بۆ ئەوەی رەزامەندی بدەن ئەمڕۆ کۆنگرە ببەستین، ئەگەر 250 کەس لەلای ئەوان ئامادەبێت لە رووی یاساییەوە دەتوانین کۆنگرە ببەستین".

گوتیشی: "لە کۆنگرە دوو سندووقی دەنگدان دادەنرێن، یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتی و ئەوەی دیکەیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شوورا".

عەبدوڵڵا وەرتی، راشیگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا لە زۆر هەوڵەکانمان بە بنبەست گەیشتووین، بۆیە کۆنگرە دەبەستین، ئەو برایانە خۆیان داوای کۆنگرەیان کردووە، لە کۆنگرەی رابردوو مامۆستا کامیل حاجی عەلی تاکە کاندید بوو نەتیوانی سەدا 50ی ئەندامانی کۆنگرە بەدەست بێنێت، کەس ناتوانێت بە زۆرەملێ خۆی بکاتە هیچ حزبێکی سیاسی".

لە 30/9/2023، بڕیاربوو بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆنگرەی دامەزراندن ببەستێت، بەڵام باڵی کامیل حاجی عەلی بایکۆتی کۆنگرەیان کرد و رایگەیاند ناوی ئەندامانی کۆنگرە زیاد کراوە.

نزیکەی دوو ساڵە کێشە کەوتووەتە نێوان باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و باڵی کامیل حاجی عەلی، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە رۆژی 5ی شوباتی 2022 بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی 12ـەمینی خۆی لە شاری هەولێر بەست، لە کۆنگرەکەدا تەنیا کامیل حاجی عەلی کاندید بوو بۆ رابەری بزووتنەوەکە، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، دواتر کامیل حاجی عەلی ناڕەزایەتی دەربڕی و رۆژی (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو رابەری بزووتنەوەکەیە و کارەکانی کۆنگرە پێشێلکاری تێدا بووە، دواتریش لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایانگەیاند، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 هەڵوەشاوەتەوە.