داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی گیراوانی خۆپیشانده‌رانی تشرینییه‌كان دەکرێت

K24 – هەولێر
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كات هه‌نگاو بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نووسی گیراوانی خۆپیشانده‌رانی تشرینییه‌كانی ساڵی 2019 بنێت.
هیومان رایتس وۆچ له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، به واژۆی 70 رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی داواكارییه‌كیان پێشكه‌شی حكومه‌تی عێراق كردووه، بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی 28 چالاکوان کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی 2019 رفێندراون، كه دواتر چاره‌نووسی 12 لەو چالاکوانانە ئاشكرا كرا، بۆیه ئێستا داوای دیاریكردنی چارەنووسی 13 حاڵەتی رفاندنی دیکە ده‌كه‌ن كه له‌سه‌ره‌تای مانگی ئایاردا بێسه‌روشوێنن.
هیومان رایتس وۆچ راشیگەیاندووە، له‌نێو قوربانییه‌كاندا پارێزه‌رعه‌لی جاسب، چالاكوان سه‌جاد مه‌شرفاوی هه‌یه كه له‌نێوان ساڵانی 2019 و 2020 شوێنبزركراون و حكومه‌تیش له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نووسیان كه‌مته‌رخه‌مه، ئه‌مه‌ش واده‌كات به نیگه‌رانییه‌وه له‌و بێبایه‌خییه‌ی حكومه‌ت بۆ داواكاری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بڕوانین.
ئەمە لەکاتێکدایە 1ی ئەم مانگە کەسوکاری گیراوانی تشرینەکان لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد و داوای ئاشکراکردنی گیراوانیان کرد.
لە یەکەم رۆژی تشرینی یەکەمی 2019، خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەرامبەر بێ‌کاری، هەژاری، کەمی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا دەستیپێکرد، بەڵام هەر زوو بۆ راپەڕینی جەماوەری گۆڕدرا، ئاستی داواکارییەکانیان بۆ دوورخستنەوەی گەندەڵکاران لە دەسەڵات، کۆتاییهێنان بە هەژموونی حزب و گرووپە چه‌كداره‌کان لەسەر دەسەڵات و گۆڕینی دەستوور، به‌رزكرده‌وه.
خۆپیشاندانی تشرینییەکان بووە خاڵی جیاکەرەوە لە مێژووی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق لە دوای ساڵی 2003، ئایکۆنێکی عێراقی بوون کە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کۆکردەوە دواکارییەکانیانی یەکخست.
راپەڕینەکە 10 پارێزگای ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە بە بەغدای پایتەختیشەوە، نزیکەی یەک ساڵ بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام بوو، هەر زوو رووبەڕووی سەرکوتکاری له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه بوونه‌وه، دەیان جۆر چەک بەرامبەریان بەکارهێنرا کە بەهۆیەوە خوێنێکی زۆری عێراقییەکان ڕژا.
به گوێره‌ی دواهه‌مین ئاماره‌كان، زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر گیانیان له‌ده‌ستدا و 26 هەزار کەسی دیكه‌ش برینداربوون.
هەروەها دەیان چالاکوان و رێکخەری خۆپیشاندانەکان "تیرۆرکران یان فڕێندران و بێ سەروشوێن کران" بەبێ ئەوەی بکەرەکانیان ئاشکرابکرێن بەڵام خۆپیشاندەران پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی گروپه چه‌كداره‌كان کرد.
لە ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی خۆپیشاندان و راپەڕینی تشرینییەکان، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران بوو لە تشرینی دووەمی 2019 لەسەر داوای مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەکان لە نەجەف، هەروەها پەرلەمانی عێراق، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەسەند بۆ ئەوەی دەرفەت لە بەردەم کەسانی سەربەخۆ و بێلایەن بکرێتەوە تا بچنە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
مستەفا کازمی، کە بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکان لە ئایاری 2020 پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بەڵێنیدا بکوژانی خۆپیشاندەران بە سزا بگەیەنێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، هەرچەندە کازمی لە رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرکەوتوو بوو لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڵام وەک تشرینییەکان دەڵێن،" نە گەندەڵکاران دوورخرانەوە و نە بکوژانیش سزادران".