عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: لە بەغدا دەستێکی خراپ دژی بزووتنەوەی ئیسلامی هەبوو

K24 – هەولێر

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستێک هەبووە لە بەغدا ویستویەتی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کێشە بۆ حزبەکەیان دروست بکات.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دڵنیابن دوایین هەوڵ بوو کە بیانەوێت کێشە بۆ بزووتنەوەی ئیسلامی دروست بکەن، دەستێکی خراپ لە بەغدا دەیویست لە کۆمسیۆن کۆمەڵێک شت دژی ئێمە بکات، بەڵام کۆمسیۆن بۆیان دەرکەوت کە بزووتنەوە زوڵمی لێکراوە، ئەوان داوایان دەکرد بۆ کۆنگرە هەزار و دە کەس کۆببنەوە، بەڵام هەزار و 70 کەس کۆبوونەوە، دواتر گوتیان هەزار 170 کەس، ئێستا هەزار و 500 کەس کۆبووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتی لە کۆنگرەکەیان دەستیپێکردووە، ناوی کامیل حاجی عەلی هەیە و ئەندامانی کۆنگرە دەتوانن دەنگی پێبدەن.

لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی هەر یەک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی کاندید بوون بۆ رابەری گشتی، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی هەردوو باڵەکەی بزووتنەوە کامیل حاجی عەلی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوە بایکۆتی کۆنگرەیان کرد، بۆیە لە گەڕی یەکەم 30ی ئەیلوولی 2023 نەتوانرا کۆنگرە ببەستن، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی کۆنگرە ئەمڕۆ کامیل حاجی عەلی و ژمارەیەک سەرکردە رایانگەیاند، حزبێکی دیکە بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان رادەگەیەنن.

سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی ئەندام و لایەنگرانیان لە باڵەکەی کامیل حاجی عەلی، بۆ ریزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەڵێت: "جگە لەوانەی کە لە بزووتنەوە دەرکراون، ئەوانی دیکە ئازادن بێنەوە ریزەکانی بزووتنەوە، هەندێک لە بەرپرسەکانیشیان هاتوون بەشداریان لە کۆنگرە کردووە".

هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا بزووتنەوەی ئیسلامی 12 کۆنگرەی بەستووە، بەڵام بەپێی یاسا و رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەبێت هەموو حزبێک کۆنگرەی دامەزراندن ببەستێت، بۆیە بزووتنەوە ئێستا کۆنگرەی دامەزراندن دەبەستێت.

نزیکەی دوو ساڵە کێشە کەوتووەتە نێوان باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و باڵی کامیل حاجی عەلی؛ بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە رۆژی 5ی شوباتی 2022 کۆنگرەی 12ـەمینی خۆی لە شاری هەولێر بەست، لەو کۆنگرەکەدا تەنیا کامیل حاجی عەلی کاندید بوو بۆ رابەری بزووتنەوەکە، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، دواتر کامیل حاجی عەلی ناڕەزایەتی دەربڕی و رۆژی (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو رابەری بزووتنەوەکەیە و کارەکانی کۆنگرە پێشێلکاری تێدا بووە، دواتریش لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایانگەیاند، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 هەڵوەشاوەتەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی کە بە دایکی حزبە ئیسلامییەکان لە کوردستان دادەنرێت، لە ساڵی 1987 لە لایەن کۆمەڵێک کەسایەتی ئایینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیەندرا. بزووتنەوە یەکەم حیزبی ئیسلامیی چەکدارە کە لە باشووری کوردستان دامەزراوە.