بەرازیل گرانترین جۆری قاوە له‌ جیقنه‌ی باڵندە بەرهەم دەهێنێت

K24  - هەولێر

بەرازیل یەکێک لە گرانترین جۆرەکانی قاوە لە جیهاندا لە جیقنه‌ی باڵندەی جاکۆ بەرهەم دەهێنێت، کە لە دارستانە گەرمەکاندا دەژی.

رووەکی قاوە لە ناو دارستانە چڕەکان لە کێڵگەی "کامۆسیم" کە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی لە ویلایەتی ئێسپیریتۆ سانتۆی باشووری رۆژهەڵاتی بەرازیل گەشە دەکات.

ئینیل کۆستای تەمەن 23 ساڵ، لەکاتی کۆکردنەوەی جیقنەی ئەو باڵندەیە لەنێوان درەختەکاندا، دەڵێت: باڵندەی جاکۆ زۆر حەزی لە تۆوی قاوەیە، باشترین و پێگەیشتووترین تۆوی لێ هەڵدەبژێرێت و ده‌خوات.

ئێنریکی سلۆپەر خاوەنی کێڵگەکە گوتی: "بەبێ ئەم نموونە کشتوکاڵییە، مەحاڵ بوو قاوەی جاکۆ بەرهەمبهێنرێت".

یەک کیلۆ لەم قاوەیە بە 299 دۆلار دەفرۆشرێت، هەروەها بەنرخێکی گرانتریش هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، چونکە بەسەر زۆرێک لە فرۆشگاکانی جیهاندا دابەشدەکرێت، وەکو فرۆشگای هارۆدی بەریتانی.

باڵندەی جاکۆ، باڵندەیەکی کێوییە، پەڕەکانی رەش و قورگی سوورە، پێشتر لە کێڵگەی کامۆسیم باڵندەیەکی نەخوازراو بووە، چونکە بە مەترسی لەسەر بەرهەمەکاندا دادەنرا.

ئینریکی بڕیاریدا سوود لەم باڵندەیە وەربگرێت، کاتێک قاوەی "کوبی لوواک"ـی دۆزیەوە، کە لە ئەندەنوسیا لە پیسایی ئاژەڵێک بەناوی "سیڤێتک" بەرهەم دەهێنرێت، کە شیردەرێکی بچووکە و هاوشێوەی "دەڵەک"ـە.

سەرپەرشتیاری بەرهەمهێنانی کێڵگەکە، رۆجەریۆ لیمکە رایگەیاند، باڵندەی جاکۆ لە شوێنی سروشتی خۆیدا دەژی، کە دارستانی ماتا ئەتلانتیکایە لە بەڕازیل.

گوتیشی: ئەو شوێنە ناوچەیەکی پارێزراوە، ئێمە هیچ بەرهەمێکی کیمیایی لە چاندنی قاوەدا بەکارناهێنین، جیقنەی جاکۆ تا رادەیەک لە دانەوێڵە دەچێت، پاش کۆکردنەوەی وشک دەکرێتەوە. پاشان پێش ئەوەی بخرێتە ژوورێکی ساردەوە بە وریاییەوە توێکڵی جیقنەکە لێدەکرێتەوە.

ئینریکی راشیگەیاند، پرۆسەکە هەوڵێکی زۆری دەوێت، هەر بۆیەش بەرهەمەکە بە نرخێکی گران دەفرۆشین، دەشڵێت: مەحاڵە قاوەی جاکۆ بە تێچووی کەم بەرهەمبهێنرێت، چونکە بەرهەمێکی دەگمەنە، بەرهەمهێنانیشی پرۆسەیەکی دڵنیایی نییە، چونکە پەیوەستە بە ئارەزووی باڵندەی جاکۆوە بۆ تۆوی قاوەکە.

ئینریکی باسی لەوەشکرد: باڵندەکە یارمەتیدەرمانە بۆ دیاریکردنی باشترین کات بۆ دروێنەکردنی قاوە، چونکە کاتێک بەرهەمەکە دەخوات، واتە تۆوەکانی پێگەیشتوون".