هێڵی لۆڤ و محەممەد شێروانی رفاندنی کچە ئێزدییەکان دەکەنە فیلمێکی سینەمایی

K24 - هەولێر:

ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراو، محەمەد شێروانی لە ئەزموونێکی نوێدا، کۆتایی به وێنەگرتنی فیلمێکی تراژیدی هێنا، کە لە نووسینی هێڵی لۆڤە و ناوی نراوە (لەبیر مەکە).

ناوەڕۆکی فیلمە سینەماییەکە باس لە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی و رفاندنی کچەکانیان دەکات، کە بوونە قوربانیی دەستی چەتەکانی داعش.

فیلمەکه لە نووسینی "هێلی لۆڤ" و دەرهێنانی "محەممەد شێروانی" و نواندنی مازیچین و شەرارە ئیبراهیم و دەستەیەک لە کوڕان و کچانی شنگال و ناوچە ئێزیدینشینەکانە.

مازیچین خۆشناو وەک یەکێک لە کارەکتەرانی فیلمەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەشداریکردنم لەو فیلمە مێژووییەدا هەستکردن بوو بە ئازاری ژنانی کورد و ئەو تاوانانەی دژ بە گەلەکەم کراوە.

گوتیشی "رۆڵی منیش لەم فیلمەدا، دایکێکی بە تەمەنە و هاوشانی کچە پاکیزەکان دەبمە قوربانیی بیری توندڕەوی داعشیەکان و پاشان بە ئازایەتی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رزگار دەکرێین و دەگەڕێینەوە نێو زێدی باب و باپیرانمان، کە دەمێکە لێی بێبەشین".

رۆژی 3ـی ئابی 2014، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و بەهۆی ئەو هێرشەوە زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.