بە ڤیدیۆ؛ هونەرمەندێک لە سنە لە رۆژی مارەبڕینەکەیدا گۆرانییەکی نیشتمانی دەچڕێت

K24 - هەولێر:

لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، زاوایەک کە خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەهەمانکاتیشدا هونەرمەندە، لە رۆژی دەستپێکی ژیانی هاوسەرییدا گۆرانیی 'وەتەن' دەچڕێت.

یادگار سنەیی، هونەرمەندێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە رۆژی مارەبڕینەکەیەدا گۆرانیی 'وەتەن' دەڵێت، کە هۆنراوەکەی لە نووسینی هەردوو شاعیرانی کورد قانع و هێمن موکریانییە.

گۆرانی وەتەن بۆ یەکەمجار لەلایەن هونەرمەندان، یوسف ئاغا و سمایل ئاغای چەوگالی کە هەردوو خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، کراوە بە گۆرانی و دواتر بە دەنگی هونەرمەند حەسەن دەرزی بڵاوبووتەوە و خەڵکێکی زیاتر ئاشنای گۆرانیەکە بوون.

ئەو هونەرمەندە ڤیدیۆی گۆرانیوتنەکەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردووتەوە و نووسیویەتی: هیوای بەختەوری و خۆشبەختی بۆ هەمووتان دەخوازین.

بەشێك لە هۆنراوەی وەتەن:

زەوی ئێستاش لە ڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ

نەڕووخای ئاسمانی پیری پشت کووڕ

کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە

بەرۆکی پیرە دایکان دادڕاوە

 

وەتەن قەوم و کەس و کار

وەتەن هۆی ژین و ژیوار

وەتەن ئامێز و دڵدار

وەتەن بۆت دەمرم ئەمجار

 

بە ناحەق خوێنی تێکۆشەر دەڕێژن

شەهیدی بێ سەر و بێ شوێن دەنێژن

کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ

کە گەنجی کورد دەگەوزێنێ لە خوێنێ

 

وەتەن گیان و دڵی دایە

وەتەن دەینی لە ملمایە

سەری بێ نرخ و بێ مایە

لە پێناوی وەتەندایە