مەسعود حەیدەر: بەپێی دەستوور حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات

مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەپێی دەستوور، حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان هەر خەرجییەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

رۆژی سێشەممە (3ـی تشرینی یەکەمی 2023)، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێم و بەغدا دەبێت لە رێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی ھەردوولاوە بێت کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە.

مەسعود حەیدەر جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجییەکی دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات.

هاوکات بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی یاسای بودجەى ساڵى 2023، دەبێت حکومەتی فیدراڵی مانگانە 775 ملیار دینار مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات لە رێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە.

هەروەها روونیکردووەتەوە، "ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و حكومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بکات چونکە پێچەوانەی ماددەکانی (117 و 121)ـی دەستووری عێراقە.

ئەم پەیامەی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، یاداشتێکیان داواتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کە تێیدا داوا دەکەن حکومەتی عێراق راستەوخۆ، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی هەژماری بانکییەوە خەرج بکات.

رۆژی دووشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2023)، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، میوانداری لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکات، بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆی لەسەر ئەو پرسە بخاتە روو، هەروەها  تێڕوانینی هەردوولا پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت".

هاوکات ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، لە هەوڵی هەموارکردنەوەی چەند بڕگە و ماددەیەکی یاسای بودجەی فیدراڵین، لە پەیوەستە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا بوونەتە کۆسپ لەبەردەم ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.

پێشتریش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، ، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، کە 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بە رێژەی 12.67 جێگیرکراوە و لە ماددەکانی 11، 12 و 13 جەخت لەسەر هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی کراوەتەوە، ئەگەر هەناردەش نەکرا بە هەر هۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەهێندرێت.

بەرەبەیانی رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی پەسەندکرد و رۆژی 21ـی حوزەیرانی 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 واژوو کرد و جەختی کردەوە، پەسەندکردنی بودجە خاڵی وەرچەرخانی حکومەتە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، کە بریتییە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دەستکردن بە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دەبێت.