ژمارەیەک ژینگەپارێز باخچە و پارکەکانی سنووری راپەڕین خاوێن دەکەنەوە

K24 – حاجیاوە:

ژمارەیەک ژینگەپارێز و چالاکوانی ژینگەیی لە سنووری ئیدارەی راپەرین ھەڵمەتی خاوێنکردنەوەی باخچە و پارکەکانی ئەو سنوورەیان دەستپێکردووە و پلانیان ھەیە تەواوی باخچە و پارکەکان لە پیسی و پاشماوەی ھاووڵاتییان خاوێن بکەنەوە.

ژینگەپارێزان و چالاکوانانی بواری ژینگەیی کاری خاوێنکردنەوەی ئەو باخچە و پارکانە دەکەن کە شوێنیحەوانەوە و کات بەسەربردنی ھاووڵاتییانن، هەڵمەتەکە سەرەتا لە شارۆچکەی حاجیاوا دەستیپێکردووە و دواتر رانیە و پاشان سنووری قەزای پشدەر دەگرێتەوە، پلانیان ھەیە تەواوی پارکەکان خاوێن بکەنەوە.

محەممەد خدر، ژینگەپارێز، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "جارێکیان کەسێک دەچێتە لای پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (دخ) لەسەر بێت، دەڵێت شتێکم فێربکە کە سوودی بۆ دنیا و قیامەتم هەبێت، لە وەڵامدا پێغەمبەریش پێی دەڵێت، "بڕۆ دەشت و کۆڵانەکان خاوێن بکەوە بۆ ئەوەی قورسایی لەسەر رێگەی موسڵمانان لابچێت"، بۆیە ئێمەش لەژێر ناونیشانی ئەم وتەیەی پێغەبەرمان پارکەکان خاوێن دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ببێتە رەمزێک کە هاووڵاتییان لێی فێربن ئەگەر شوێنە گشتییەکان خاوێنیش نەکەنەوە لانیکەم پیسی نەکەن".

لە شارۆچکەی حاجیاواوە لە سێ ساڵی رابردوو ھەر کەسێک بەنەخۆشی کۆرۆنا مردبێ، لەبری رێوڕه‌سمی یادکردنەوە و چلەی ماتەمینی،کەسوکاری کۆچکردووەکە ھێندەی ژمارەی ساڵانی تەمەنی کۆچکردوو دار و نەمامیان بۆ چاندووە، بەو ھۆیەوە رێژەی سەوزایی حاجیاوا گۆڕانی بەسەردا ھاتووە .

لەلایەن خۆیەوە ئەزوەر جەعفەر، بەرێوبەری شارۆچکەی حاجیاوا، بە کوردستان24ـی گوت: "خەڵکی حاجیاوە نەریتێکی جیاوازیان لە کوردستان و عێراق پەیڕەو کرد، کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر کەسێک وەفاتی کردبێت، لەبری رێوڕه‌سمی یادکردنەوە و چلەی ماتەمینی،کەسوکاری کۆچکردووەکە ھێندەی ژمارەی ساڵانی تەمەنی کۆچکردوو دار و نەمامیان بۆ دەچاند، لەم روانگەیەوە دەتوانم بڵێم هەزارەها نەماممان چاندووە، هەروەها چەندین باخچەش دروستکراوە، ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە شارۆچکەکەمان".

لەسنووری ئیدارەی راپەرین، رێژەی سەوزایی لەنێوان 8-%10 دایە، لەچوار ساڵی رابردوو سەرباری قەیرانی دارایی چەندین پارکی نوێ دروستکراون، هاوکات گرفتێکیش کە لەبەردەم سەوزکردنی پارکەکاندا هەبێت کەمی رێژەی باخەوانە.